گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕونکردنەوەیەکی نوێ لەبارەى تەرمی ئەو دوو منداڵەی کە دایکیان فڕێی دانە ناو ڕووباری دیجلەوە

2020.10.19 - 18:09
ڕونکردنەوەیەکی نوێ لەبارەى تەرمی ئەو دوو منداڵەی کە دایکیان فڕێی دانە ناو ڕووباری دیجلەوە

ناس کورد-

بەڕێوەبەرایەتی فریاکەوتنی بەغدای پایتەخت ڕایگەیاند، هەوڵەکانی گەڕان بەدوای تەرمی ئەو منداڵەی دایکیان فڕێی دانە ڕووباری دیجلە بەردەوامە و ئەوەى بڵاوکراوەتەوە لەبارەى دۆزینەوەیان تەرمەکانیان ناڕاستە.

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا (19ی تشرینی یەکەمی 2020) دەڵێت، "لەسەر ڕاسپاردەی عوسمان غانمیی وەزیری ناوخۆ، تیمەکانمان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمی ئەو دوو منداڵەدا."


دەشڵێت، "تاوەکو ئامادەکردنی ئەم ڕاگەیەنراوە، هەوڵ و گەڕان بەردەوامە و ئەوەى لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە لەبارەى دۆزینەوەى تەرمەکانیان ڕاست نییە و ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە هی ئەوان نین."



باسی لەوەشکردووە، "وەزارەتی ناوخۆ سورە لەسەر پێدانی زانیاری تەواو بە هاوڵاتیان لەبارەى ڕووداوەکەوە، هەرکاتێکیش زانیاری نوێ هەبوو، بە وردی دەیخەینە بەردەستی هاوڵاتیان."

دوو ڕۆژ لەمەوپێش (17ی تشرینی یەکەمی 2020)، پۆلیسی عێراق ڕایگەیاند، ژنێک بەهۆی بوونی ناکۆکی لەگەڵ مێردەکەى، هەردوو منداڵەکەى لەسەر پردی ئەئیمەوە فڕێ داوەتە ناو ڕووباری دیجلە، پاشان بووە هۆی دروستبوونی ناکۆک و کیشەى زیاتر.


بەپێی قسەى سەرچاوەیەک لە پۆلیس، کاتێک ناکۆکی و شەڕ لە ماڵی ئەو ژنەدا دروستبووە، ژنەکە دەستی منداڵەکانی گرتووە و بەپەلە لە ماڵەوە چووەتەدەرەوە، پاشان چووەتە سەر پردی ئەئیمە و یەکە یەکە منداڵەکانی خستووەتە ناو ڕووبارەوە" و باسی لەوەشکرد کە "تەمەنی یەکێک لە منداڵەکان سێ ساڵ بووە و ئەوی تریان دوو ساڵ."


ئەو ڕووداوە شەقامی عێراقی هەژاند و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی دوو منداڵ بڵاوکرایەوە کە گوایە تەرمی ئەو دوو منداڵەن و دۆزراونەتەوە، بەڵام پۆلیس ڕەتی کردەوە.