گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوا لە كازمی كراوە پارە ’’دزراوەكان’’ی عێراق بگەڕێنێتەوە

2020.10.19 - 16:54
داوا لە كازمی كراوە پارە ’’دزراوەكان’’ی عێراق بگەڕێنێتەوە

ناس كورد-
پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە سەردانەكەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ وڵاتانی دەرەوە چەند دۆسیەیەك تاوتوێ دەكرێن و لە گرنگترینیان داوایان لێكردووە كار بۆ گەڕانەوەی پارە "دزراوەكان"ی عێراق بكات.

 

شەوی ڕابردوو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە شاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا و بڕیارە سەردانی چەند وڵاتێكی دیكەی ئەوروپیش بكات.


رێبوار كەریم مەحمود، پەرلەمانتاری لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق (18ی تشرینی یەكەمی 2020) بە ناس كوردی ڕاگەیاند، ئەم سەردانانە چەند دۆسیەیەك لەخۆدەگرێت لەوانەش سیاسی و ئابوری، چونكە ئێستا عێراق پێویستی بەپاڵپشتی نێودەوڵەتییە، لەڕووی سیاسییەوە تاوتوێی پەیوەندییەكانی عێراق و وڵاتانی دەرەوەیە كە ئێستا گرنگی زیاتری پێدەدرێت، چونكە عێراق بڕیاریداوە بەشێوەیەكی زیاتر لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكرێتەوە و حكومەتی ئێستاش لای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قبوڵكراوە، بۆیە كرانەوەی عێراق بەڕووی دەرەوە بۆ عێراقیش گرنگە."


ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، دۆسیەیەكی دیكەی گفتوگۆكان كاریگەرییەكانی ئێران و توركیایە لەسەر سیاسەتی عێراق بەتایبەتیش كە ئەو دەوڵەتانە تێڕوانینی روونیان لەسەر ئەو دوو وڵاتە هەیە.


رێبوار كەریم جەختی كردەوە "گرنگترین دۆسیە لای ئێمە گفتوگۆیە لەسەر هێنانەوەی ئەو پارە دزراوانەی عێراقە كە لەدەرەوەیە و پێشتر داوامان لەحكومەت كردووە ئەو دۆسیەیە بوروژێنێت لەبەرئەوەی پارەیەكی بێشومار كە بە دەیان ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت بردراوەتە دەرەوە".