گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمان ڕێگەیەک بۆ دابەزینى نرخى هێلکە پێشنیاز دەکات

2020.10.19 - 16:40
پەرلەمان ڕێگەیەک بۆ دابەزینى نرخى هێلکە پێشنیاز دەکات

ناس کورد-

لیژنەى کشتوکاڵ و ئاودێرى پەرلەمانى کوردستان پێشنیاز دەکات رێگە بە هاوردەکردنى هێلکە بدرێت لە دەرەوە، بۆ ئەوەى نرخەکەى دابەزێنرێت کە ماوەیەکە رووى لە بەرزبوونەوە کردووە.

 

عەبدولستار مەجید، سەرۆکى لیژنەکە لە یاداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە (19ی تشرینی یەكەمی 2020) داوای کردووە، رێگە بە هاوردەکردنى هێلکە بدرێت بەشێوەیەک هاوسەنگى لەنێوان هاوردە و هەناردە رابگیرێت تا نرخەکەى روو لە دابەزین بکات.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، نرخى کارتۆنێک هێلکە گەیشتووەتە 60 هەزار دینار، لەکاتێکدا پێشتر بە 30 هەزار دینار بووە.

 

سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی (18ی تشرینی یەکەمی 2020) بە ناس کوردی راگەیاند، نزیکەی هەفتەیەک دەبێت نرخی هێلکە بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک نرخی کارتۆنێک نزیکەی 16 دۆلار زیادی کردووە، واتە بەدینار لە 35 هەزارەوە بووەتە نزیکەی 55 هەزار.  

  

روونیشیکردەوە، هۆکاری سەرەکیی گرانبوونەکە پەیوەندی بەوڵاتی تورکیاوە هەیە، چونکە تەنها لەوێ هێلکە هاوردە دەکرێت و بەرهەمی ناوخۆش کەمە.