گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پاسپۆرتی سلێمانی لەبارەی خێرا ڕاییکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان ڕوونکردنەوە دەدات

2020.10.19 - 15:52
پاسپۆرتی سلێمانی لەبارەی خێرا ڕاییکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای هەڵگرتنی کەرەنتینەی گشتی  و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکان لەلایەن هاووڵاتیانەوە زیادی کردووە، ئاماژەی بەوەشدا، ڕۆژانە نزیکەی 700 مامەڵەی دەرکردن و تازەکردنەوەی پاسپۆرت ڕاییدەکەن.

 

سالارعەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ( 19ی تشرینی یەکەمی 2020) لە لێدوانێکدا بە ناس کوردی ڕایگەیاند: "دوای ئاساییکردنەوەی دۆخی کۆرۆنا ودەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، ڕۆژانە ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی سەردانمان دەکەن لەزیاد بووندایە".

 

وتیشی: " لەئێستادا ڕۆژانە نزیکەی 300 پاسپۆرتی نوێ بۆ هاووڵاتیان دەردەکرێت و نزیکەی 400 مامەڵەی تازەکردنەوەش لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ڕاییدەکرێت، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لەکاتژمێر 9:00 بەیانییەوە تا کاتژمێر 1:00ی پاش نیوەڕو خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بەهاووڵاتیان دەکەن".

 

ئاماژەی بەوەشکرد: " لە ئێستادا هاووڵاتی دەتوانێت لەماوەی 72 کاتژمێردا پاسپۆرتە نوێیەکەی وەربگرێتەوە، ئەو هاووڵاتیانەشی کە باری تەندروستیان خراپە و ڕەچەتەی پزیشکیان پێیە لەهەمان ڕۆژدا پاسپۆرتەکەیان پێدەدرێت، خزمەتگوزاری خێراش هەیە کە بڕی 250 هەزا دینار لە خاوەنەکەی وەردەگیرێت و لەهەمان ڕۆژدا پاسپۆرتەکەی وەردەگرێتەوە".

 

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: " بەهۆی ئەوەی لەئێستادا زیاتر لە 32 کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ڕۆژانە دەوام لەفەرمانگەی پاسپۆرتی پارێزگای هەڵەبجە دەکەن وبەشێک لە کارمەندەکانیشمان بەهۆی توشبوونیان بەکۆرۆنا دەوام ناکەن، ژمارەی کارمەندەکانمان تاڕادەیەک کەمیکردووە، بەڵام نەبووەتە هۆکاری ئەوەی کاریگەری هەبێت لەسەر پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکان".