ناس کورد-
کۆمپانیای بەبازارکردنی نەوتی عێراق ( سۆمۆ) ڕایگەیاند، تاتێستا هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە عێراق و گفتۆگۆکانیش لەوبارەیەوە بەردەوامە، ئاماژەی بەوەشداوە، عێراق پابەندە بە ڕێککەوتنەکەی ( ئۆپێک+) و کەمکردنەوەی پشکی خۆی لەهەناردەکردنی نەوت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەلا یاسری، بەڕێوەیەری کۆمپانیای بە بازارکردنی نەوتی عێراق کە ناسراوە بە سۆمۆ ( 19ی تشرینی یەکەمی 2020) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بەئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند: "عێراق پابەند دەبێت بە ڕێککەوتنەکەی ( ئۆپێک +) بۆ کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت، ئەوەش لە پێناو فەراهەمکردنی هاوسەنگی لەبازارەکانی نەوتی جیهانی، ئەو پابەندبوونەش ڕەهەندێکی ئەخلاقی هەیە".
وتیشی: " کۆنتڕۆڵنەکردنی ڕێژەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لەجیهاندا دەبێتە هۆکاری دابەزینی زیاتری نرخی نەوت، ئەوەش بۆخۆی دەبێتە مایەی زیانگەیاندن بە وڵاتانی بەرهەمهێن، لەئێستادا کۆکین لەسەر جێگیرکردنی نرخی بەرمیلێک نەوت بە 40 دۆلار".
یاسری ئاماژەی بەوەشکردووە، لەمانگەکانی ڕابردوودا عێراق بەڕێژەی 23% بەرهەمی نەوتەکەی کەمکردبووەوە، لەئێستادا ڕێژەکە کەمترە، ئەوەش بەهۆی باشبوونی نرخی نەوتەوە".
بەڕێوەبەری کۆمپانیای بە بازارکردنی نەوتی عێراق ئەوەشی خستەڕوو: " تائیستا هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە سۆمۆ و گفتۆگۆکانیش لەوبارەیەوە لەنێوان بەغدا و هەولێر بەردەوامن."