گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سوپای عێراق هێنرایە سنورەكانی هەرێم

2020.10.19 - 14:08
سوپای عێراق هێنرایە سنورەكانی هەرێم

ناس کورد-

سەرچاوەیەك لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق رایگەیاند، لەبری هێزەكانی حەشدی شەعبی، یەكەكانی سوپای عێراق لەسەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان لە بەری هەولێر و نەینەوا بڵاوبوونەتەوە.

 

سەرچاوەكە (دووشەممە 19 تشرینی یەكەمی 2020) ئەوەی بە رۆژنامەی ئەلعەرەبی جەدیدی نزیك لە قەتەر راگەیاندووە، لیوای 30ی حەشدی شەبەك بەدووریی 10 كیلۆمەتر لە سنورەكانی هەولێر دووركەوتونەتەوە ، ئەو گۆڕانكارییەش بەرەنجامی لێكگەیشتنی باڵای نێوان فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و دەستەی حەشدی شەعبییە لە بەغدا.

 

بەوتەی سەرچاوە ئەمنییەكە، ئەو هەنگاوە بۆ رێگرتنە لە دووبارەبوونەوەی هێرشە موشەكییەكانی ئەمدواییەی سەر هەولێر كە لیوای 30 حەشدی شەبەكی پێ تۆمەتبار كرا.

 

رۆژنامەكە ئەو هەنگاوەی بە سەركەوتن بۆ مستەفا كازمی داوەتە قەڵەم، چونكە لیوای 30ی حەشدی شەبەك نزیكن لە سوپای پاسدارانی ئێران و زۆر گوێ بەفرمانی حكومەت نادەن، فەرماندەكەشیان كە وەعد قەدۆ بوو لە لیستی گەمارۆكانی ئەمەریكادایە.