ناس کورد - هەڤاڵ غالب
دوای ئەوەی دوو خوشک لە سنوری قەزای چەمچەماڵ بە کوژراوی لە گوندێکی سنورەکە تەرمەکانیان دۆزرانەوە، بەوتەی قائیمقامی قەزاکە لە ئێستادا چوارکەس بە تۆمەتی کوشتنیان دەستگیرکراون .
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕەمک ڕەمەران، قائیمقامی چەمچەماڵ و سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی قەزاکە بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند :" دوای کوژرانی ئەو کچانە فەرمانی گرتن بۆ کۆمەڵێک کەس دەرچوو، لە ئێستادا چوار کەس دەستگیرکراون و کەسێکیان دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و دواتر ئەوانی تریش دەستگیرکراون" .
وتیشی: " ئەو کەسانە مامی کچەکانن و بە دوو شێوە تۆمەتبارن، بەشێکیان دەستیان لە شاردنەوەی تەرمەکاندا هەبووە، بەشێکیشیان تاوانەکەیان زانیوە و شاردویانەتەوە، بەڵام تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکە کە باوکی کچەکانە تا ئێستا دەستگیرنەکراوە".
قائیمقامی چەمچەماڵ ئاماژەی بوەشكرد، لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکە بەرداوەمە و هەموو ئەو کەسانەی ناویان هاتووە دەستگیر دەکرێن و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە .
ئەو دوو خوشکە لە ڕۆژی ١٧ی تەموزی ٢٠٢٠ لە نوسینگەی توندوتیژی خێزانی چەمچەماڵ بە مادەی ٧ی خێزانی لەدژی باوکیان سکاڵا تۆماردەکەن و ڕەوانەی شەڵتەر دەکرێن، تاوەکو ڕۆژی ١١ی ئابی ٢٠٢٠ دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامە لەلایەن دادوەرەوە بەباوکی کچەکان کچەکانی ڕادەست دەکرێتەوە .
بە کوژراوی دۆزرانەوە و لە ئێستادا پۆلیس باوکی کچەکان بە تۆمەتباری سەرەکی دەناسێنێت .
تەرمی دوو خوشکەکە، بەناوەکانی هێلین-ی تەمەن ١٩ ساڵ و ئاوارە-ی ١٧ ساڵ لە گوندی ئیبراهیم ئاغای سنوری شوان دوای شەش ڕۆژ لە شاردنەوەیان دۆزرانەوە و ئاسەواری فیشەک بە جەستەیانەوە هەبوو، دوای دوو ڕۆژ لەلایەن ئیدارەی چەمچەماڵەوە تەرمی ئەو دوو کچە لەمەراسیمێکدا بەخاک سپێردرا .