گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وێنە؛ نوێترین دەرکەوتنی هۆشیار زێباری دوای سوتاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا

2020.10.19 - 12:16
وێنە؛ نوێترین دەرکەوتنی هۆشیار زێباری دوای سوتاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا

ناس کورد-

لەدوای دروستبوونی کاردانەوە زۆرەکان و سوتاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا بەهۆی قسەیەکی هۆشیار زێبارییەوە، ناوبراو بۆ یەکەمین جار دەردەکەوێتەوە.

 

ئەردەڵان نورەدین، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبوک وێنەیەکی نوێی خۆی و هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هەردووکیان پێدەکەنن.

 

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، هۆشیار زێبارى، وەزیرى لەسەر کارلابراوى دارایى عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەمیانەى چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا وتی: " ئەو گروپانەى هێرشیان کردە سەر هەولێر هەر ئەو گروپانەن کە لەبەغدا هێرش دەکەنە سەر دیپلۆماتکاران ".

 

وتەکانی هۆشیار زێباری، حەشدی شەعبی و لایەنگرانیانی توڕەکرد و ڕەخنەی توندیان لەوبارەیەو ە ئاڕاستەی ناوبراو کرد و تەنانەت ژمارەکانیان بڵاوکردەوە و لەڕێگەی واتسئاپەوە هەڕەشەیان لێ کرد.

 

هەر لە کاردانەوەی وتەکانی هۆشیار زێباریدا، (شەممە، 17ی تشرینی یەکەمی 2020) لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەربەستی ئەمنییان تێپەڕاند و چوونە ناو بارەگای لقی پارتی لە بەغدا و بارەگاکەیان سوتاند و ئاڵای کوردستانیان لەسەر بارەگاکە داگرت و سوتاندیان، ئەوەش کاردانەوەی گەورەی لە ناوخۆ و دەرەوە لێکەوتەوە.

 

چەند کاتژمێرێک دوای سوتاندنی بارەگای لقی پارتی لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە، هۆشیار زێباری، بە کەناڵی (العهد)ی سەر بە قەیس خەزعەلی وت: " حەشدی شەعبی هێزێکی خەباتگێڕ و جیهادكار و دەستورییە، من لە چاوپێکەوتنەکەمدا لەگەڵ کەناڵی (الحرة) هێرشم نەکرووەتەسەر حەشدی شەعبی و شتێکیان بەناوی منەوە وتووە کە من نەموتووە." 

 

ئاماژەی بەوەشكرد: "پەیوەندی مێژوویمان لەگەڵ سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و تێکۆشەرانیدا هەیە. حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی دەستورییە و نکولی لە هەوڵەکانی ناکرێت لە سەرکەوتن بەسەر داعشدا."