ناس کورد-
پەرلەمانی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر موچەی ئەندامەکانی بڵاوکردەوە و هەڕەشەی دادگاییکردنی ئەو کەسانەش دەکات کە زانیاری چەواشەکاری و نادروست بڵاودەکەنەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بوجەی ساڵانەی پەرلەمانی عێراق لە 0,004%ی بۆدجەی گشتی وڵات تێپەڕ ناکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق (دووشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2020) لە ڕاگەیاندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست ناس کورد کەوتووە، ڕایگەیاند: " ئەو زانیاریانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە لەبارەی موچەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ناڕاستن و ورد نین".
ئاماژەی بەوەشکرد، پەرلەمان موچەی ئەندامەکانی بەگوێرەی یاسا دیاری ناکات، بەڵکو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ژمارە ٣٣٣ی ساڵی ٢٠١٥ جێبەجێدەکات".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پەرلەمانی عێراق: " کۆی گشتیی بودجەی ساڵانەی پەرلەمانی عێراق لە بودجەی گشتی وڵات لە 0,004 %دا تێپەڕ ناکات".
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئامادەیی خۆشی نیشانداوە لە خستنەڕووی هەر زانیارییەک کە پێویست بێت لەو بارەیەوە، جەختیشکردووە، ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەبێتەوە زایناری ورد نیین و دوورن لەڕاستییەوە، بۆیە مافی خۆیەتی سکاڵای یاسایی دژ بەو کەس و لایەنانە بەرزبکاتەوە کە زانیاری چەواشەکاری و ناڕاست لەو بارەیەوە بڵاودەکەنەوە.