گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دانایی فەڕ لە بیرەوەرییەكانیدا چۆن باس لە تاڵەبانی و بارزانی دەكات؟

2020.10.18 - 22:15
دانایی فەڕ لە بیرەوەرییەكانیدا چۆن باس لە تاڵەبانی و بارزانی دەكات؟

ناس کورد-

باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق رایگەیاند، تاڵەبانی "بە وەفا بوو" ئەگەر بەڵێنێکی بدایە ئەنجامی دەدا، بارزانیش ڕێزێکی تایبەتی بۆ قاسم سولەیمانى هەبووە.

 

 

بەپێی ئاژانسى میهرى ئێرانى، حەسەن دانایی فەر لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی دەنگ و ڕەنگی ئێران بەشێک لە بیرەوەرییەکانى گێڕاوەتەوە بەتایبەتى لەبارەى قاسم سولەیمانى و تاڵەبانى و بارزانییەوە.

 

دانایی فەر سەبارەت بە مام جەلال وتی "یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی تاڵەبانی، وەفا بوو؛ واتا ئەگەر بەڵێنێکی بدایە، ئەنجامی دەدا و ئەگەر نەشیتوانیە هەر لە سەرەتاوە بەڵێنی نەدەدا".

 

سەبارەت بە پەیوەندی مام جەلال و سولەیمانی باسی لەوەکرد کە پەیوەندی باشیان پێکەوە هەبوو "بە شێوەیەک کە دوای جەڵتە لێدانی کە چووە ئەڵمانیا و هاتەوە کە ڕۆیشتین بۆ لای و چاوی بە سولەیمانى کەوت زۆر خۆشحاڵ بوو".

 

وتیشى لەگەڵ مەسعود بارزانیش پەیوەندیەکی باشی هەبوو و بارزانی ڕێزێکی تایبەتی بۆ حاجی قاسم هەبوو.

 

دانایی فەر لەسەر هەڵوێستی قاسم سولەیمانى بەرانبەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیش جەختیکردەوە، کۆماری ئیسلامی ڕاشکاوانە دژایەتی خۆی راگەیاند.

 

دانایی فەر لە گێڕانەوەی یەکێک لە بیرەوەرییەکانیدا لەگەڵ سولەیمانی باسى لەوەکرد، کە یەک هەفتە پێش لە کوژرانى سولەیمانی "من و یەکێکى تر لە هاوکارەکان لە ئۆپراسیۆنێکی ئەمریکییەکان کە دەیانەویست تیرۆرمان بکەن، بە دەستێوەردانی سولەیمانی ڕزگارمان بوو".

 

هەروەها سەبارەت بە هێرشی داعش بۆ سەر عێراق دەڵێت کە شەش بۆ حەوت مانگ پێش هێرشی داعش بە نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراقى وتووە کە ئەگەری هەیە موسڵ بکەوێت ئەوەی وتویەتى پێیوانییە شتى وا رووبدات. 

 

هەروەها سەبارەت بە دروشمەکانی خەڵکی عێراق دژی ئێران وتی "ئەو دروشمانە قسەیەکی نوێ نەبوون کە دەگەیشتنە گوێمان. یەکەم جار کە ئەو جۆرە دروشمانەمان بیست لە شەقامی ڕەسووڵ لە نەجەف لە ساڵی 2004 بوو کە دەیانگوت ئێران بڕۆ بڕۆ. بەڵام وردە وردە و بە پڕوپاگەندا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دروشمەکان زیاد بوونەوە".