گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شێوازى یادکردنەوەى مەولودى پێغەمبەر دەگۆڕدرێت

2020.10.18 - 20:56
شێوازى یادکردنەوەى مەولودى پێغەمبەر دەگۆڕدرێت

ناس کورد-

 

ئەنجومەنى باڵاى فەتواى هەرێم پێشنیاز دەکات ئەمساڵ شێوازى مەراسیمەکان بۆ یادکردنەوەى مەولودى پێغەمبەر بگۆڕێت، بەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناوە.

 

ئەنجومەنەکە (18 تشرینی یەكەمی 2020) لەرونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە رایگەیاند "پێمان باشە بۆ ئەمساڵ شێوازی ئاهەنگگێڕانەکە لە گردبوونەوە لە ماڵ، مزگەوت، خانەقا و تەکیەکان بگۆڕدرێت بە دەربڕینی دڵخۆشی بە بڵاوکردنەوە و هەڵواسینی لافیتە و دروشمەکان لە شوێنە گشتیەکان و هەروەها لە سۆشیال میدیا".

 

دەقى رونکردنەوەکە:

 

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

 

((قل بفضل الله وبرحمته فبذلك فليفرحوا)) سورة يونس الآية:58.

 

وێڕای پیرۆزباییکردنمان بە بۆنەی هاتنەوەی یادی لەدایکبوونی فەخری کائینات (صلى الله عليه وسلم) لە خۆمان و گشت موسڵمانانی کوردستان و جیهانی ئیسلامی، لەبەر بارودۆخی ناجێگیری تەندروستی گشتی لە کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا "کۆڤید - 19" کە رێنماییە تەندروستیەکان وا دەخوازن گردبوونەوە نەکرێت بۆ هیچ بۆنەیەك.

 

لەو روانگەوە وەك ئەنجوومەنی باڵای فەتوا پێمان باشە بۆ ئەمساڵ شێوازی ئاهەنگگێڕانەکە لە گردبوونەوە لە ماڵ، مزگەوت، خانەقا و تەکیەکان بگۆڕدرێت بە دەربڕینی دڵخۆشی بە بڵاوکردنەوە و هەڵواسینی لافیتە و دروشمەکان لە شوێنە گشتیەکان و هەروەها لە سۆشیال میدیا.

 

ئاشکرایە کە مەولوودکردن واتە دەربڕینی خۆشحاڵی و خۆشەویستی و ئەنجامدانی خێر، سەدەقە و چاکە بۆ رۆحانیەتی پیرۆزی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، ئاساییە ئەو سەدەقە، خێرو چاکانەش، کە موسڵمانان دەیکەن، بدرێنە هەژاران و بەشێوەی خۆی بڵاوبکرێتەوە، چونکە سەدەقە دەفعی بەڵا و موسیبەت دەکات بەپێی دەقەکانی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام، ئەم جۆرەش هەر بەشێکە لە کاری پیرۆزی مەولوودنامە و یادەوەری لەدایکبوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، خوای گەورە هاوکاری دڵسۆزانه‌.

 

ئەنجومەنی باڵای فەتوا