گه‌ڕان

Shadow Shadow

سه‌یرو سه‌مه‌ره‌كانى كۆنفرانس له‌ كۆلێجی زانسته‌ ڕامیارییه‌كان

2020.10.18 - 18:56

هاوڕێ حەسەن حەمە

وابڕیاره‌ كۆلێجی زانسته‌ ڕامیارییه‌كانى سه‌ر به ‌زانكۆى سلێمانى به‌م نزیكانه‌ كۆنفرانسێكى "زانستى" ببه‌ستێت، له‌ڕووكه‌شدا كۆنفرانسه‌كه‌ له‌پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى زانستى مه‌عریفی زانكۆى سلێمانى و مامۆستایانى كۆلێجی زانسته‌ ڕامیارییه‌كان ده‌به‌سترێت.

 

 به‌ڵام ئه‌ى له‌ناوه‌ڕۆكدا چۆنه‌؟ له‌ناوه‌ڕۆكدا به‌شێك له‌و مامۆستایانه‌ى له‌ كۆلێجى زانسته‌ ڕامیارییه‌كان تواناى به‌رزكردنه‌وه‌ى پله‌ى زانستیان نیه‌ له‌ڕێگه‌ى گۆڤاره‌ زانستیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، ئه‌وانه‌ى له‌ڕۆژئاوا به‌ گۆڤارى زانستى داده‌نرێن، په‌نا بۆ به‌ستنى كۆنفرانسی زانستى ده‌به‌ن له‌ كۆلێج.

 

بۆ سه‌لماندنى ئه‌م قسه‌یه‌ گرنگه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ نموونه‌یه‌ك بكه‌م، یه‌كێك له‌و مامۆستایانه‌ى كه‌ ڕۆڵی پێشه‌نگى هه‌یه‌ له‌به‌ستنى ئه‌م كۆنفرانسه‌ زانستیه‌ تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ وتارێك له‌ پێگه‌ جیهانیه‌كان بڵاوبكاته‌وه‌، چ جاى بگات به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌ گۆڤاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌، ئه‌م مامۆستا به‌ڕێزه‌ تا ئێستا خاوه‌نى یه‌ك توێژینه‌وه‌یه‌ ئه‌ویش له‌ گۆڤاره‌ ناوخۆییه‌كان، به‌ڵام له‌م كۆنفرانسه‌دا ڕێگه‌ى به‌خۆى داوه‌ ببێت به‌ "هه‌ڵسه‌نگێنه‌ر"ى توێژینه‌وه‌كان، خۆشى به‌ توێژینه‌وه‌ به‌شدار ده‌بێت له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا ‌‌! باشه‌ مامۆستایه‌ك تا ئێستا نه‌یتوانی بێت توێژینه‌وه‌یه‌كى زانستى ڕێك و پێك بڵاوبكاته‌وه‌، چۆن ڕاگرایه‌تى كۆلێجی زانستیه‌ ڕامیارییه‌كان و سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى سلێمانى ڕێگه‌ى پێده‌دات هه‌ڵسه‌نكاندن بۆ توێژینه‌وه‌ى توێژه‌رانى تر بكات. ئه‌م گاڵته‌ جارییه‌ى كه‌ ئێستا له‌ كۆلێجی زانسته‌ ڕامیارییه‌كان ده‌بینرێت له‌كوێی ناوه‌نده‌ زانستی و مه‌عریفیه‌كان هه‌یه‌.

 

جا ڕێكخه‌رانى ئه‌و كۆنفرانسه‌ ناوه‌ندێكى به‌حساب "ئه‌مریكیشیان" كردووه‌ به‌ هاوبه‌ش له‌ به‌ستنى كۆنفرانسه‌كه‌، ئه‌ره‌ ئه‌و ناوه‌نده‌ ئه‌مریكیه‌ خاوه‌نى هیچ گۆڤار و بڵاوكراوه‌یه‌كه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستى ئه‌مریكا دانپێدانراوبێت.

 

جا من به‌شێك له‌ ڕێكخه‌رانى ئه‌م كۆنفرانسه‌ له‌نزیكه‌وه‌ ده‌ناسم، كه‌ له‌گه‌ڵیان داده‌نیشى زۆر باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌وان وان به‌شوێنى ئه‌وه‌وه‌ كه‌ ویژدانى خۆیان مورتاح بكه‌ن، عه‌داله‌ت به‌دی بهێنن.

 

ویژدان مورتاح كردن و به‌دیهێنانى دادپه‌روه‌رى به‌وه‌ نابێت تۆ له‌ئاوی لێڵدا ڕاوبكه‌ى، لێره‌وه‌ بۆ ڕایگشتى و كۆلێجی زانسته‌ ڕامیارییه‌كان و سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى سلێمانى ڕایده‌گه‌ینم، من ئاماده‌م ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی كه‌ باسیان ده‌كه‌م له‌سه‌ر گیرفانى خۆم وه‌ریان ده‌گێڕمه‌ سه‌ر زمانى ئینگلیزى به‌ ئاماده‌بوونى لیژنه‌یه‌كى زانستى پێشكه‌شی گۆڤارێكى وه‌ك ئینسۆپۆله‌تیكسی ده‌كه‌م كه‌ گۆڤارێكى مته‌وازعه‌ (خاوه‌نى فاكته‌ری كاریگه‌ریش نیه‌، ئه‌وه‌ى كه‌ زۆركه‌س زیره‌ى لێكردووه‌)، ئه‌گه‌ر ئه‌و توێژینه‌وانه‌ شیاوى بڵاوبوونه‌وه‌ بوون من ئاماده‌م پێنج هه‌زار دۆلار وه‌ك دیارى و خه‌ڵات پێشكه‌ش به‌ توێژه‌ره‌كه‌ى بكه‌م، ئه‌مه‌ بۆیه‌ ده‌لێم كه‌ كه‌س نه‌ڵێت هاوڕێ خه‌ریكى ناوزڕاندنى هاوڕێ و هاوكاره‌كانیه‌تى. پڕبه‌دڵ حه‌زه‌كه‌م ڕێكخه‌رانى دیارى ئه‌و كۆنفرانسه‌ ئه‌م چاڵێنجه‌ قبوڵ بكه‌ن.