گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرهەم ساڵح: پێویستە پاکی و بێگەردی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو گرەنتى بکرێت

2020.10.18 - 17:40
بەرهەم ساڵح: پێویستە پاکی و بێگەردی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو گرەنتى بکرێت

ناس کورد-

 

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق جەختدەکاتەوە لەسەر دابینکردنی پێداویستی تەواو بۆ هەڵبژاردنەکان لە پێش هەموویان یاسای هەڵبژاردنی دادپەروەر و گرەنتیکردنى پاکی و بێگەردی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

 

نوسینگەى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە (18ی تشرینی یەكەمی 2020) رایگەیاندووە، لە میانی پێشوازیکردنی لە رائید فەهمی سکرتێری حیزبی شیوعی، سەرۆک کۆمار جەختیکردوەتەوە لەسەر پێویستی دابینکردنی ئاسایش بۆ هاووڵاتیان و زامنکردنی پاکی و بێگەردی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەکۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لە گرنگی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆک کۆمار رایگەیاندووە، پێویستە پێداویستی تەواو بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دابینبکرێت، لە پێش هەموویان یاسای هەڵبژاردنی دادپەروەر بێتەکایەوە، ھاوکات هەوڵەکان بە ئاڕاستەی رێگریکردن بێت لە ساختەکاری و فرتوفێڵ، لەھەمانکاتدا ویستی دەنگدەران بێت بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵک لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان دوور لە هەر گوشار و کاریگەرییەک.

 

بەپێی بەیاننامەکە، لەلای خۆیەوە رائید فەهمی ستایشی پێشنیازەکانی سەرۆک کۆمارى کرد و بە تەواوی پشتگیری لە راوبۆچوونەکانی کرد لە گرنگی پتەوکردنی سەروەری و دەسەڵاتی دەوڵەت و سەپاندنی یاسا و زامنکردنی پاکی و بێگەردی هەڵبژاردنی نوێنەرانی داهاتوو.