گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باڵیۆزى ئەمریکا لەبارەى گروپە چەکدارەکانەوە داوایەک ئاڕاستەى عێراق دەکات

2020.10.18 - 17:22
باڵیۆزى ئەمریکا لەبارەى گروپە چەکدارەکانەوە داوایەک ئاڕاستەى عێراق دەکات

ناس کورد-

باڵیۆزى ئەمریکا لەبەغدا داواى لە دەسەڵاتدارانى عێراق کرد، ئەنجامدەرانى قەسابخانەى فەرحاتییە بدەنە دادگا و تەواوى گروپە چەکدارەکانیش بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵى دەوڵەتەوە.

 

ماسیۆ تولەر، باڵیۆزى ئەمریکا لە بەغدا لە بەیاننامەیەکدا (18ی تشرینی یەكەمی 2020)  رایگەیاند، ئەمریکا تاوانى کوشتنى ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانە ئیدانە دەکات کە لە گوندى فەرحاتییەى قەزاى بەلەد لە پارێزگاى سەڵاحەدین کوژران.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، پێویستە دەسەڵاتدارانى عێراق ئەنجامدەرانى ئەو تاوانە بدەنە دادگا، هیواشى خواستووە سەردانەکەى مستەفا کازمى بۆ گوندەکە هەنگاوێکى گرنگ بێت بۆ ئەوەى سەرجەم گروپە چەکدارەکان بخرێتە ژێر دەسەڵاتى دەوڵەتەوە بەشێوەیەکى کۆتایی، کە تاگە رێگەیە بۆ رژانى زیاترى خوێن.

 

 مستەفا کازمی، فەرماندەى هێزە چەکدارەکانی عێراق بە یاوەری وەزیری بەرگریی و ناوخۆ و سەرۆکی دەستەى حەشدی شەعبی و چەند فەرماندەیەکی سەربازیی و ئەمنی  (18ی تشرینی یەكەمی 2020) گەیشتە پارێزگای سەڵاحەدین.  

  

سەردانەکەى کازمی لەکاتێکدایە پارێزگاکە سێ ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاندووە بەهۆی ڕووداوی کوشتنی چەند گەنجێک لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە لە ناوچەی فەرحاتیە لە قەزای بەلەد.  

 

(17ى تشرینى یەکەمى 2020) لە قەزای بەلەد لە سەڵاحەدین هەشت گەنج لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کوژران و تائێستاش وردەکاری بابەتەکە بڵاونەکراوەتەوە.