گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بزوتنەوەى ئیسلامی ڕابەرەکەى دەگۆڕێت

2020.10.18 - 16:07
بزوتنەوەى ئیسلامی ڕابەرەکەى دەگۆڕێت

ناس كورد-

وا بڕیارە سەرەتای ئەم مانگە بزووتنەوەی ئیسلامی 12یەمین كۆنگرەی خۆی لە شاری هەولێر ببەستێت و ڕابەری گشتی ئەو حیزبەش دەگۆڕدرێت.

 

عەبدوڵا وەرتێ، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی (18ی تشرینی یەكەمی 2020) لە لێدوانێكدا بۆ ناس كوردی ڕایگەیاند، بڕیارە ڕۆژی 1ی تشرینی دووەم 12یەمین كۆنگرەیان لە شاری هەولێر ببەستن، بۆ ژمارەی ئەندامان تائێستا نازانرێت، بەڵام بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ئەندامانی سەركردایەتی و شورای پێشوو و ئێستا و ئەندامانی مەڵبەند و مەكتەب و رێكخراوەكانیان بەشدار دەبن.

 

وەرتێ جەختیكردەوە كە ئامانج لەگرێدانی كۆنگرە، گۆڕانكارییە لەسەرجەم ئاستەكان، بەڵام ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر دەرەنجامەكانی كۆنگرە كە هەتا چەندێك گۆڕانكاری لەشێوە و ئەدا و ئەكتەرەكانی بەڕێوە بردنی حیزب دەكرێت.

 

رابەری گشتی ئێستای بزووتنەوە عیرفان عەلی عەبدولعەزیزە، بەڵام بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حیزب لەبەرئەوەی دوو خولە كاندیدە بۆی نییە خۆی كاندید بكاتەوە، سەبارەت بەوەی تائێستا چەند كەس بۆ ئەو پۆستە كاندیدن، وتەبێژی بزووتنەوە ئاشكرایكرد، تائێستا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ رابەری گشتی نەكراوەتەوە، بەڵام هەر ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی دوو خولی تەواوكردبێت بۆی هەیە خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید بكات.


بزوتنەوەی ئیسلامی لە خولەكانی پێشتری پەرلەمانی كوردستان كورسی لەپەرلەمانی كوردستان هەبوو بەشداری حكومەتی هەرێمیشی دەكرد، بەڵام لەهەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیەك لیست بەشداربوون و تەنها 5 كاندید سەركەوتن كە یەكگرتوو بوون، بۆیە بزووتنەوەی ئیسلامی بەشداری لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمیش نەكردووە و بۆتە ئۆپۆزسیۆن.