گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئاراس شێخ جەنگی: ئەردۆغان وتی مادام ئاراس لەوێیە خەمم نییە

2020.10.18 - 13:56
ئاراس شێخ جەنگی: ئەردۆغان وتی مادام ئاراس لەوێیە خەمم نییە

ناس کورد-

ئاراس شێخ جەنگی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕایگەیاند، لە 16ی ئۆکتۆبەر ڕێککەوتنێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی بە پشتیوانی هەندێک هێزی کوردی هەبوو بۆ ئەوەی کەرکوک وەک عەفرینی لێبکرێت، دەشڵێت، پێش 16ی ئۆکتۆبەر شەوێک ڕاوێژکارێکی ئەردۆغان پەیوەندی پێوەکردووە و پەیامێکی پێداوە.

 

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی حزبەکەی دەربارەی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، ئاراس شێخ جەنگی ، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕایگەیاند: "من نەچوم تا کەرکوک بفرۆشم، بەڵکو چووم بەرگری لە کەرکوک بکەم و کردیشم، نەمهێشت خوێن لە پەنجەی منداڵێکی کەرکوک بێت، چونکە بەرنامەیەکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بە پشتیوانی هەندێک هێزی کوردی هەبوو بۆ ئەوەی کەرکوک وەک عەفرین وێران بکرێت، بەڵام ئێمە ڕێگەمان نەدا."

 

ئاراس شێخ جەنگی دەڵێت، دۆستێکی هەبووە کە ڕاوێژکاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکایە، شەوێکی پێش 16ی ئۆکتۆبەر پەیوەندی پێوە کردووە و بە ئاراس شێخ جەنگی وتووە: "پێویستە قسە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی بکەم و پەیامێکی ئەردۆغانی پێبدەم، سەرۆک کۆمار دەڵێت، ئەگەر هەر دەستدرێژییەک بکرێتەسەر تورکمانەکانی کەرکوک ئەوا هێزمان ئامادەیە بێتە ناو کەرکوکەوە."

 

باس لەوش دەکات: "دواتر ئەردۆغان بە ڕاوێژکارەکەی وتووە، مادام ئاراس شێخ جەنگی لەوێیە، ئەوا خەمم نییە و دڵنیام کەس دەستدرێژی ناکەتەسەر تورکمانەکان و ئەو کورد و عەرەب و تورکمان پێکەوە دەپارێزێت."