گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆکارەکە بزانە

شەرقولئەوسەت: هۆكارێكی تر لە پشت هێرشكرنە سەر بارەگای بەغدای پارتییەوەیە

2020.10.18 - 11:20
شەرقولئەوسەت: هۆكارێكی تر لە پشت هێرشكرنە سەر بارەگای بەغدای پارتییەوەیە

ناس کورد- 

 ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن بڵاویکردەوە، هۆكاری هێرشكردنە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغدا لێدوانەكانی زێباری نییە، بەڵكو ڕێككەوتنی ئەمدواییەی شنگالە.

 

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە (17ی تشرینی یەکەمی 2020) کە زانیارییەکانی لە زاری سەرچاوەیەکی عێراقییەوە وەرگرتووە، "هێرشکردنە سەر بارەگای پارتی لە بەغدا پەیوەندی بە لێدوانەکانی زێبارییەوە نییە، بەڵکۆ پەیوەندی بە ڕێككەوتنی ئەمدواییەی شنگالی نێوان حکومەتی عێراق و پارتییەوە هەیە".


سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "ڕێککەوتنەکە بۆ میلیشیا ولائییەکان کەمەرشکین بووە، چونکە بەپێی ڕێککەوتنەکە دەبێت لە شنگال بکشێنەوە و ئەو شوێنانەی کە تێیدا بوون بۆ هێزە فیدراڵییەکان چۆڵ بکەن".

ئەوەشی خستووەڕوو، "ڕەوتە وەلائییەکان هەر لە ئانوساتی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی شنگالدا بە توندی دەستیان کردووە بە هێرشکردنە سەر حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، نایانەوێت شوێنە ستراتیژییەکانیان لە شنگال چۆڵ بکەن، چونکە ئەو پێگانە ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکات لە گواستنەوەی چەک و تەقەمەن وبۆیان لە ئێرانەوە بۆ سوریا و بەپێچەوانەوە".


ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لەزاری ئەو سەرچاوەیەوە باسی لەوەشکردووە، "سوتاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا پەیامێکی ئاڕاستەکراوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە تایبەتی".


سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ( 17ی تشرینی یەکەمی 2020) پاش لێدوانێکی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لایەنگرانی حەشدی شەعبی هێرشیانکردە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی لەبەغدا و بارەگاکەیان سوتاند، دواتر هۆشیار زێباری لەکەناڵێکی سەربە حەشدی شەعبییەوە رونکردنەوەی دا و رایگەیاند، بەهەڵە لێکدانەوە بۆ وتەکانی کراوە.

 

ڕۆژی ھەینی (9ی تشرینی یەکەمی 2020)، ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاسایی کردنەوە دۆخی شنگال واژوو کرد و ڕێککەوتنەکەش بە مێژووی وەسفکرا.        

  

بەپێی دەقی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەناوی "ڕێکەوتنی گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ لە قەزای شنگال" کە بە سێ تەوەر جیاکراوەتەوە و کۆپیەکی دەست ناس کورد کەوتووە، لە تەوەری ئیدارییدا ھاتووە، قائیمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاریدەکرێت کە کەسێکی دەستپاک و پیشەیی و سەربەخۆ بێت و قبوڵکراو بێت، لەلایەن لیژنەی پێکھێنراوی ھاوبەش پۆستە ئیدارییەکانی تر دادەنرێت و پێویستە پیشەیی بوون و دەستپاکی و پێکھاتەی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگیرێت.       

  

لە دەقی ڕێککەوتنەکە کە لە بەرورای 1ی تشرینی یەکەمی 2020 لەلایەن حەمید ڕەشید فلەیح، وەکیلی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە نوێنەرایەتی حکومەتی ناوەند و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێم واژۆکراوە، سەبارەت بە میحوەری ئەمنی ڕونکراوەتەوە، پۆلیسی ناوخۆیی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتی ئاسایشی قەزاکە دەگرنە ئەستۆ.