گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بڕیاری نوێ دەدرێت

کۆرۆنا دزەی کردووەتە ناو هۆڵەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان

2020.10.18 - 10:43
کۆرۆنا دزەی کردووەتە ناو هۆڵەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان

ناس کورد-

لەدوای دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندنەوە چەندین حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا لەنێو قوتابخانەکاندا تۆمارکراوە و وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، ناڵێن دۆخەکە خراپە، بەڵام باشیش نییە و پێدەچێت لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری نوێ لەبارەی قوتابخانەکانەوە بدات.

 

ماوەی چەند هەفتەیەکە دەوامی بەشێک لە قۆناغەکان لەنێو هۆڵەکانی خوێندن بە کۆمەڵێک ڕێکاری تەندروستییەوە دەستیانپێکردووەتەوە و بەشێک دیکەش بەشێوەی ئەلکترۆنی و ئۆنڵاین دەخوێنن و لە بەشێک لە ناوچەکانیش مامۆستایان بایکۆتی دەوامیان کردووە و هیچ جۆرە خوێندنێک دەستیپێنەکردووەتەوە.

 

ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەدوای دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندن چەندین حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا لەنێو قوتابیان و مامۆستایاندا تۆمارکراوە."

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئەگەرچی ئامادەنەبوو هیچ ژمارەیەک لەوبارەیەوە ئاشکرا بکات، بەڵام ئاماژەی بەوەکرد: "ژمارەکان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازن یاخود لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی دیکە جیاوازن، هەندێک شوێن زۆرە و هەندێک شوێن کەم."

 

 دەربارەی ئەوەی دۆخی تەندروستیی نێو قوتابخانەکان چۆنە، ئاسۆ حەوێزی باسی لەوەکرد: "ناتوانین بڵێین خراپە و ناشتوانین بڵێین باشە، وەک وتم ئێمە بەپێی شوێن و ناوچەکان ڕاپۆرتی خۆمان دەنوسین."

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕوونیشیکردەوە، لەئێستادا سەرقاڵی نوسینی ڕاپۆرتن بۆ ئەو مەبەستە و بەمنزیکانە ئاڕاستەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای دەکەن کە ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی ئەوانیش لەو چوارچێوەیەدا بڕیاری نوێ لەبارەی خوێندنەوە بدەن.

 

دەربارەی کاتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، ئاسۆ حەوێزی ئاماژەی بەوەکرد، پێدەچێت لەکۆتایی ئەم مانگەدا کۆبوونەوەکە بکرێت.