گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کازمی بۆ هاوڵاتیان: دەوڵەت هەیە و دەتانپارێزێت

2020.10.18 - 10:00
کازمی بۆ هاوڵاتیان: دەوڵەت هەیە و دەتانپارێزێت

ناس کورد-

لەدوای گەیشتنی بە پارێزگای سەڵاحەدین، مسته‌فا كازمی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق  سەردانی ئەو گوندەى قەزای بەلەدی کرد کە دوێنێ هەشت گەنجی تیدا کوژرا و ڕایگەیاند، دەوڵەت هەیە و دەتانپارێزێت.

 

 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ( 18ی تشرینی یەکەمی 2020) بڵاویکردەوە، "مسته‌فا كازمی به ‌یاوه‌ری هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیرانی ناوخۆ و به‌رگری، هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و فه‌رمانده‌ باڵا ئەمنییەکان گه‌یشتوه‌ته‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین".

 

هەر لەساتی گەیشتنی بە پارێزگای سەڵاحەدین، ڕاستەوخۆ سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی بە فەرماندەی هێزە ئەمنییەکانی پارێزگاکە کرد.


کازمی کەسوکاری قوربانییەکانی بەسەرکردەوە و ڕایگەیاند، "بۆیە هاتووم بۆلاتان بۆ ئەوەی کە دووپاتی بکەمەوە دەوڵەت هەیە و پارێزگاریتان لێدەکات، بەتاییەتی دوای ئەنجامدانی ئەو تاوانە قێزەونەی کەبوو بە هۆکاری شەهیدکردنی ژماریەک هاوڵاتی بێتاوان".


کازمی ئەوەشی وتووە: "پەیاممان بۆ ئێوە ئەوەیە کە دەوڵەت دەتانپارێزێت، هزر و بیری هێزە ئەمنییەکان تەنها گیرۆدەی خۆشەویستی نیشتیمان و یاسایە ، بەهیچ شێوەیەک گیرۆدەی کەس ولایەنی دیکە نییە".


ئاماژەی بەوەشکردووە، "تیرۆریزم و تاوانباران تەنها یاسا وسزادانیان چاوەڕێیان دەکات، ڕێگە نادەین لە ژێر هیچ ناوێکی تر جارێکی تر بگەڕێنەوە".


دوێنێ ( 17ی تشرینی یەکەمی 2020) ‌، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراوه‌وه‌، له‌ گوندی فه‌رحانیه‌ی سه‌ر به‌ قه‌زای به‌له‌دی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، 12 گه‌نج ڕفێندران و ته‌رمی هه‌شت كه‌سیان به‌كوژراوی دۆزرانه‌وه‌، تا ئێستاش چاره‌نوسی چوار كه‌سیش دیكه‌ نادیاره‌.