گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بانکی ناوەندیی عێراق ڕاگەیەنراوێکی لەبارەى نرخی دینار و دۆلار بڵاوکردەوە

2020.10.18 - 09:28
بانکی ناوەندیی عێراق ڕاگەیەنراوێکی لەبارەى نرخی دینار و دۆلار بڵاوکردەوە

ناس کورد-

بانکی ناوەندیی عێراقی ڕایگەیاند، ئەو لێدوانانەى بەم دواییە دراون لەبارەى دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی تەنها ڕا و بۆچوونی ئەو کەسانەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە هەڵوێستی فەرمی بانکەکەوە نییە و جەخت دەکاتەوە کە نرخی دینار بەرانبەر دۆلار نەگۆڕاوە و جێگیرە.

 

بانکی ناوەندیی عێراقی لە ڕاگەیەنراوێکدا (18ی تشرینی یەکەمی 2020) دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار ڕەتکردەوە و دەڵێت، نرخی دینار جێگیرە و سیاسەتە نەختینەکانی نەگۆڕاوە و زۆر ڕوون و شەفافە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی ئەوەندە چاکە کە بەپێی هەموو ئاماژە نێودەوڵەتییەکان ئەم قەیرانەى ئێستا تێدەپەڕێنێت کە وڵاتی تێکەوتووە."

 

بانکەکە هیوای خواستووە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆیان بەدور بگرن لە سەرچاوەی تایبەت و دەنگۆکان و تەنها پشت بە ڕاگەیەنراو و لێدوانی فەرمی بانکەکە ببەستن.

 

ئەوە لەکاتێکدایە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی ناسەقامگیری بەخۆیەوە بینی و نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 127 هەزار دیناری عێراقی.