گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شوێنەكانی سەنتەری هەماهەنگی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە كەركوك ئاشكرا دەكرێن

2020.10.17 - 23:26
شوێنەكانی سەنتەری هەماهەنگی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە كەركوك ئاشكرا دەكرێن

 ناس كورد-

بڕیارە  سەنتەری هەماهەنگی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق كە پەیوەندی بەشاری كەركوكەوە هەیە لەشارەكانی بەغدا و هەولێر دابنرێن، نوێنەرانی كوردیش داوای روونكردنەوەیان لەو بارەیەوە كردووە.

 

بەپێی زانیارییەكانی ناس كورد كە لەسەرچاوەیەك لەفراكسیۆنی یەكێتی لەشاری بەغداوە دەستی كەوتوون، دانانی شوێنی سەنتەری هەماهەنگی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق كە پەیوەندی بەشاری كەركوكەوە هەیە لەشارەكانی هەولێر و بەغدا دەبێت.

 

ناس کورد زانیویەتی، هەرچەندە نوێنەرایەتی كورد پێیان باشبووە ئەو سەنتەرە لەشاری كەركوك بكرێتەوە، بەڵام پێدەچێت رێككەوتنی هەرێم و عێراق بێت كە ئەو سەنتەرە دوو بارگای هەبێت لەهەولێر و بەغدا.

 

سەبارەت بەوەی بۆچی بارەگای سەنتەرەكە لەشاری كەركوك نابێت، ئەو سەرچاوەیە وتی: "ئێمەش ئەو پرسیارەمان كردووە، بەڵام بەداخەوە بەو ئاڕاستەیە رۆیشتووە و پێدەچێت رێككەوتنی كوردیشی لەسەر بووبێت".

 

ماوەی چەند مانگێکە هەردوو وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم و بەرگریی عێراق گفتوگۆ دەکەن بۆ پێکهێنانی چەند ناوەندێکی هاوبەشی هەماهەنگی سەربازی، ئەوەش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جموجوڵەکانی داعش بەتایبەت لە ناوچە سنورییەکانی نێوان هەرێم و عێراق. 

 

 ئەركى ناوەندەكان ڕێكخستنى پرۆسەى سەربازى و ئاڵوگۆڕكردنى زانيارى هەواڵگرييە دەربارەى جوڵەكانى داعش كە لەناوچەكانى ديالە و خورماتوو و كەركوك و مەخمور و قەرەچۆغ و چەند ناوچەيەكى موسڵ زياديان كردووە.