گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بکوژی مامۆستاکەی پاریس پێش ڕووداوەکە نامەیەکی بۆ ئیمانوێڵ ماکرۆن ناردووە

2020.10.17 - 20:54
بکوژی مامۆستاکەی پاریس پێش ڕووداوەکە نامەیەکی بۆ ئیمانوێڵ ماکرۆن ناردووە

ناس کورد-

ئەو گەنجە 18 ساڵەى كە بەهۆى بێڕێزيكردن بە پێغەمبەرى ئيسلام (محەمەد) درودى خواى لەسەر بێت مامۆستايەكى مێژووى لە پاريس سەربڕى، نامەيەكى ئاراستەى ئيمانوێڵ ماكرۆن، سەرۆكى فەرەنسا كردووە و تێيدا هاتووە "يەكێك لە سەگەكانى جەهەنمم لە سێدارەدا كە سەربە تۆيە".

 

جان فرانسوا ڕيكار، سەرۆكى بەڕێوەبەرايەتى بەرەنگاربونەوەى تيرۆرى فەرەنسى (شەممە 17ى تشرينى يەكەمى 2020) لە كۆنگرەيەكى ڕۆژنامەوانيدا وتى، ئەو گەنجەى مامۆستاكەى سەربڕى پێش كارەكەى پرسيارى لە شوێنى مامۆستاکە لە خوێندكاران كردووە.

 

ڕونيشيكردووەتەوە، دواى ئەوەى گەنجەكە لەلايەن هێزەكانى پۆليسەوە كوژرا وێنەى تەرمى مامۆستاكەى و نامەيەك لە مۆبايلەكەيدا بووە كە لە تۆڕى كۆمەڵايەتى تويتەر بڵاويكردووەتەوە و دان بە كوشتنى مامۆستاكەدا دەنێت.

 

بەپێى زانياريەكان، دواى بڵاوكردنەوەی وێنە و نامەكە دەستبەجێ تويتەر سڕيويەتەوە و ئەكاونتەكەى داخستووە بەهۆى ئەوەى پێشێلكارى ياساكانى كۆمپانياكەى كردوە.

 

ڕيكار ڕونيشيكردوەتەوە، لە نامەكەدا نوسرابوو: "بسم الله الرحمن الرحيم.. بۆ (ئيمانوێڵ ماكرۆن) سەرۆكى كافرەكان، يەكێك لە سەگەكانى دۆزەخم لە سێدارەدا كە سەربە تۆ بوو و وێراى بێڕێزىکردن بە پێغەمبەر (محەمەد)." 

 

هێماى بۆ ئەوەشكردووە، ئەو گەنجە بە ڕەگەز چيچانييە و لە شارۆچكەى ئيفەر لە باكورى خۆرئاواى پاريس دەژيا و لەلاى دەزگا ئەمنيەكان ناسراو نەبووە، هەروەها بەهۆى هەبوونی پەيوەندييان بە هێرشەكەوە نۆ كەسی دیکە دەستگيركراون.