گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق؛ کۆمەڵکوژکردنی هەشت گەنج کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە

2020.10.17 - 20:32
عێراق؛ کۆمەڵکوژکردنی هەشت گەنج کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە

ناس کورد-

ئه‌نجومه‌نی وە‌زاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، ئیدانه‌ی هێرشه‌ تیرۆرستیه‌كه‌ی قه‌زای به‌له‌دی له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین كرد كه‌ 12 گه‌نج له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه‌ ڕفێندراون و ته‌رمی هه‌شت كه‌سیان به‌كوژراوی دۆزراونه‌ته‌وه‌، هاوکات چالاکوانانی مەدەنیش وەک سەرکۆنەی ڕووداوەکە هاشتاگی "کوشتارگەی سەلاحەدین"یان لە پێگەی تویتر بڵاوکردەوە.

 

دوای ئەوەی ئه‌مڕۆ ( 17ی تشرینی یەکەمی 2020) ‌هه‌شت گه‌نج به‌كوژراوی له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین دۆزرانه‌وه‌ كه‌ ئاسه‌واری گوللـه‌ به‌جه‌سته‌یانه‌وه‌ دیاربوو، ئه‌نجومه‌نی وە‌زاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران کۆبووەوە و ئیدانه‌ی هێرشه‌ تیرۆرستیه‌كه‌ی قه‌زای به‌له‌دی له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین كرد. 

 

هه‌روه‌ها فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان بڕیاریدا لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌ ڕووداوه‌کە بكرێت و شاندێكی باڵای ئه‌منیش ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ بكرێت بۆ دووباره‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی ئه‌منیی ناوچه‌كه‌.

 

قەندیل جبوری، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای سەلاحەدین لەڕاگەیەندراوێکدا ( 17ی تشرینی یەکەمی 2020) کە وێنەیەکی دەست ناس کورد کەوتووە ڕایگەیاند: "  مەفرەزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن توانیویانە هەشت تەرمی ئەو هاووڵاتییە ڕفێنداراوانە بدۆزنەوە کە دوێنێ ( هەینی) لە ناحییەی فەرحانییە سەر بەقەزای بەلەد لەلایەن هێزێکی چەکداری نەناسراوە ڕفێندرابوون".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی ڕەفێندراوەکان 12 کەسن، ده‌ستدرێژی گوللـه‌ له‌هه‌شت گه‌نج كراوه‌ و سه‌رجه‌میان كوژراون، تائێستاش چاره‌نوسی چوار كه‌سی دیكه‌ نادیاره‌. 

 

هاوکات، ئەحمەد جبوری، پەرلەمانتاری سونە لەپەرلەمانی عێراق داوای لە کازمی کرد بەئەرکی بەرپرسیارێتی خۆی هەستێت و بە زووترین کات تاوانبارانی ڕووداوەکە ئاشکرا بکات و دۆسییەی ئەمنی ئەو ناوچانە ڕادەستی سوپا وهێزەکانی پۆلیس بکرێن.

 

چالاکوانانی مەدەنیش وەک سەرکۆنەی ڕووداوەکە هاشتاگی " کوشتارگەی سەلاحەدین"یان لە پێگەی تویتر بڵاوکردەوە.