گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کازمی كۆبوونەوەيەكى بەپەلەى ڕێکخست و لەبارەی هێرشەکەی سەر بارەگای پارتی بڕیارێکی دەرکرد

2020.10.17 - 19:48
کازمی كۆبوونەوەيەكى بەپەلەى ڕێکخست و لەبارەی هێرشەکەی سەر بارەگای پارتی بڕیارێکی دەرکرد

ناس کورد-

ئەنجومەنى وزارى بۆ ئاسايشى نيشتمانيى عێراق كۆبوونەوەيەكى بەپەلەى بۆ باسكردنى بارودۆخى ئەمنى بە سەرۆكايەتى مستەفا كازمى، سەرۆك وەزيران سازكرد و يەكێك لە تەوەرەكانى كۆبوونەوە سوتاندنى بارەگاى پارتى بوو لە بەغدا و ئیدانەی ئەو کارەی کرد و بڕیاریشیدا لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بکەن.

 

نوسينگەى ڕاگەياندنى سەرۆكايەتى وەزيران (شەممە 17ى تشرينى يەكەمى 2020) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاويكردووەتەوە، ئەنجومەنى وزارى بۆ ئاسايشى نيشتمانى كۆبونەوەيەكى بەپەلەى بە سەرۆكايەتى كازمى ئەنجامداوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بارودۆخى ئەمنیى وڵات.

 

ڕونيشكراوەتەوە،: " لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر هێرشەكەى سەر بارەگاى پارتى ديموكراتى كوردستان لە بەغدا كراوە لەلايەن ژمارەيەك خۆپيشاندەرەوە كە ئاشتى خۆپيشاندانەكەيان پێشێلكردوە و پەنايان بۆ توندوتيژى بردووە بە سوتاندنى بارەگاكە."

 

تەئكيديش كراوەتەوە، ئەنجومەنەكە ئيدانەى ئەو ڕووداوەى كردووە و بڕياريداوە لێكۆڵينەوە لە ڕووداوەكە بكرێت بە سەرۆكايەتى ڕاوێژكارى ئاسايشى نيشتمانى، بۆ ئاشكراكردنى وردەكاريەكانى ڕووداوەکە و هەڵسەنگاندنى ڕۆڵى هێزە ئەمنيە بەرپرسەكان بە پاراستنى بيناكە، هەروەها دواى ئەوانەش بكەوێت تێوەگلاون، ئەوەش دواى ئەوەى كە 15 كەس لەوانەى ياسايان پێشێلكردوە دەستگيركراون.

 

ئەنجومەنى وزارى بۆ ئاسايشى نيشتمانى، ئيدانەى ئەو دەستدرێژيە و دەستبردن بۆ هەيبەتى دەوڵەتى كردوە و تەكئيديشى كردوەتەوە، حكومەت رێوشوێنى توند دەگرێتە بەر بەرامبەر هەر كەسێك بيەوێت هەيبەتى دەوڵەت و دەسەڵاتى ياسا بشكێنێت، داواى لە هێزە سياسيەكانيش كردووە خۆيان بەدور بگرن لە هەر وتە و لێدوانێك ببێتە هۆى تێكدانى ئاشتى كۆمەڵايەتى و تەنگژەكان لەڕێگەى گفتوگۆ و كەناڵە سياسيەكانەوە چارەسەر بكەن.