ناس کورد-
وەزیری پێشمەرگەی هەرێم لەسەر هێرشەکەی سەر بارەگای پارتی و سوتاندنی ئاڵای کوردستان لە بەغدا هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، دەستبردن و سوکایەتی کردن بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نیە و لەهەموو ئان و ساتێکدا، پارێزەری خاك و ئاڵای پیرۆزی کوردستان دەبن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزیری پێشمەرگە:
سووتاندن و بێڕێزی کردن بەئاڵای پیرۆزی کوردستان، کە سەدان و هەزاران پێشمەرگەی قارەمان و خەباتگێڕ و تێکۆشەری ئەم نەتەوەیە، لە ژێر سێبەرەکەیدا گیانی خۆیان بەخشیوە، "بەتوندی ئیدانە دەکەین."
ئاڵای کوردستان، سیمبولی باڵای بەرخودانی نەتەوەی کوردو رەمزی ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانە.
پەلاماردانی بارەگای هەر حزب و لایەنێك، دواتر سووکایەتی کردن بەئاڵای کوردستان، پەیامێکی روونە و، دەخوازێت هەرچی زووە ململانێ حزبییەکان و گرژییە سیاسیەکان بەلاوە بنرێن و سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، یەکدەنگ ویەکهەڵوێست بن، بۆ پاراستنی پیرۆزییەکان و رووبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی ئێستا و ئایندە.
داوا لە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هێزە دیموکراتییەکان دەکەین، لێکۆڵینەوەی جددی لەوبارەوە بکەن و رێگری لەو جۆرە پێشێلکارییانە بکەن، کە دواجار مینبەری پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و پاراستنی بەها دیموکراتیەکان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەعێراق دەخاتە مەترسییەوه.
دەستبردن و سوکایەتی کردن بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراونیەو، دەبێ ئەنجامدەرانی بەزووترین کات رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگه، نیگەرانی قووڵی خۆمان دەردەبڕین و راشیدەگەێنین꞉ وەك هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەهەموو ئان و ساتێکدا، پارێزەری خاك و ئاڵای پیرۆزی کوردستانین، وەك بیلبیلەی چاومان دەیپارێزین.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان