گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گۆڕان بۆ پارتی و یەکێتی: بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ئەم کارەتاندا نیین

2020.10.17 - 18:50
گۆڕان بۆ پارتی و یەکێتی: بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ئەم کارەتاندا نیین

ناس کورد-

فراسکیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر شەڕی میدیایی نێوان پارتی و یەکێتی هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، دەبوو ئەو دوو لایەنە و لەبری شەڕی میدیایی هەوڵی خزمەتکردنی خەڵکیان بدایە، دەشڵێت، بە ھیچ جۆرێک لەگەڵ ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەدا نین لە چەند رۆژی رابردووەوە بەڕێوەدەبرێن.

 

لەڕاگەیەندراوێکدا فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان (17ی تشرینی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند: "لە کاتێکدا کە ڕەوشی ھەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەخت و دژواردا تێدەپەرێت، میللەتەکەمان لەبەردەم قەیرانێکی قوڵی دارایی و خەمی موچە و نەبونی کار و خزمەتگوزاری شایستەدایە، لە جیاتی چارەسەری ئەو سەختییانە و چاککردنی ژیانی خەڵک ، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ھەردوو تیمیان لە حکومەتی ھەرێم  لە بری بیرکردنەوە بۆ داهاتویەکی گەش و ژیانێکی شەرەفمەندانەو خێراکردن لە ئەنجامدانی چاکسازی و چارەسەری نەبونی موچە و یەکخستن و بە نیشتیمانیکردنی هێزە چەکدارەکان و دانانی بناغەیەکی پتەوی ئابوری نیشتیمانی ،خەریکی هەڵدانەوەی لاپەرە رەشەکانی مێژوون."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: " لە کاتێکدا ئەرکی ھەردوو هێزەکە و تەواوی هێزەکانی کوردستان پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی و برایەتی میلەتەکەمانە، ئەرکی ھەردوو تیمی حکومەتیشیان خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و ئەنجامدانی چاکسازیی و دژایەتی گەندەڵی و قاچاخچێتی دەروازە سنوریەکانە ،نەک تێوەگلان بە کێشە سیاسیەکان و خۆشکردنی ئاگری شەڕ و ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکە."

 

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "ئێمە لە فراکسیۆنی گۆڕان جەخت دەکەینەوە کە دەبێت بایی ئەوەندە ئاوڕ لە رابردوو بدەینەوە کە ئەزموونی لێوەرگرین بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو، هەڵە و خراپی و کەموکورتیەکان دووبارە نەکەینەوە تا ئاڵای کوردستان و خاک و نەوەکانی ئێستا و داهاتومان پارێزراو بن و بە ھیچ جۆرێک لەگەڵ ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەدا نین لە چەند رۆژی رابردووەوە بەڕێوەدەبرێن."

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی یادی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و ڕۆژانی دوایی، ماوەی چەند ڕۆژێکە شەڕێکی میدیایی گەورە لەنێوان پارتی و یەکێتی دروستبووە و هەردوولا کەوتوونەتە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی یەکتر و یەکتر بە "خیانەتکار و خاکفرۆش" ناودەبەن.