ناس كورد-
نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراقی بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و مامەڵەکەرێکی دراویش دەڵێت، پێدەچێت نرخی 100 دۆلار بگاتە 130 هەزار دینار، پسپۆرێكی ئابووریش رایدەگەیەنێت، عێراق هەوڵ دەدات قەرز لەوڵاتانی دەرەوە و بانكە ناوخۆییەكان بكات، بەو هۆیەشەوە قەرزەكانی زیاد دەكات و فشارێكی زیاتر دەخاتە سەر بازاڕەكان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شوان هادی، خاوەنی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لەشاری سلێمانی (شەممە 17ی تشرینی یەكەمی 2020) بە ناس كوردی راگەیاند: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار گەیشتە 126 هەزار و 900 دینار، دواتر تا كاتژمێر 3.34 خولەك، نرخی 100 دۆلار 125 و 850 دینار بوو."
وتیشی، ئەو بەرزبوونەوەیە پەیوەندی بەشاری بەغداوە هەیە، چونكە لەبانكەكانی ئەوێ سیولەی نەقدی كەمە و كێشەیەك دروستبووە، بەڵام رەنگە ئەو كێشەیەش چارەسەر كرابێت، هەروەها پەیوەندی بە قەزركردنی پارە لەلایەن عێراقەوە هەیە لەبانكی ناوخۆیی، بەگشتیش هەفتەیەكە نرخی دۆلار بەرز بووەتەوە.
سەبارەت بەوەی پێشبینی دەكەن نرخی دۆلار بەرزتر بێتەوە، شوان هادی وتی: "رەنگە حكومەتی عێراقیش خۆی بیەوێت نرخی دۆلار بەرز بكاتەوە، چونكە كاتی خۆی 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار بووە و رەنگە بیكاتەوە بە نزیكەی 130 هەزار دینار، لەبەرئەوەی 10%ی داهاتی دۆلارە و داهاتەكەی زیاد دەكات".
لەلایەکی دیکەوە، د.خالید حەیدەر، پسپۆری ئابووری بە ناس كوردی راگەیاند، حكومەتی عێراق هەوڵ دەدات قەرز لەوڵاتانی دەرەوە و بانكە ناوخۆییەكان بكات، بەو هۆیەشەوە قەرزەكانی زیاد دەكات و فشارێكی زیاتر دەخاتە سەر بازاڕەكان، لەم هەوڵدانەدا قسە لەوە دەكرێت كە رەنگە حكومەت بیەوێت دەست ببات بۆ یەدەگی ئیحتیاتیش كە نزیكەی سەروی 30 ملیار دۆلارە.
وتیشی: " ئەگەر دەست بۆ یەدەگ ببرێت و كەم ببێتەوە ئەوا دەبێتەهۆی ئەوەی خستەڕووی دیناری عێراقی بەرامبەر دراوە گرانبەهاكە زیاد بکات و كانزا گرانبەهاكەش وردە وردە لەئابوری عێراق كەم دەبێتەوە، ئەوەش بەرەو ئەو ئاڕاستەیە كە دیناری عێراقی زیاد بكات لەبەرامبەر بوونی دراوێكی گرانبەهای كەمتر لەبازاڕەكانی عێراق".