گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکگرتووش لەسەر سوتاندنی ئاڵای کوردستان و لقی پارتی هەڵوێستی دەربڕی

2020.10.17 - 14:48
یەکگرتووش لەسەر سوتاندنی ئاڵای کوردستان و لقی پارتی هەڵوێستی دەربڕی

ناس کورد-

یەکگرتووی ئیسلامی ئیدانەى سوتاندنی ئاڵای کوردستان و لقی پارتی لە بەغدا کرد و دەڵێت، سوتاندنی ئاڵای کوردستان و بارەگای پارتە سیاسییەکان لە هەر پارێزگا و ناوچەیەکی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دیاردەیەکی ناشارستانییە.

 

ئیبراهیم خەلیل، وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی لە ڕاگەیەنراوێکدا (17ی تشرینی یەکەمی 2020) دەڵێت، "سوتاندنی ئاڵای هەرێمێکی دەستوری کە هێمای گەلێکی پڕ قوربانییە بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمی دیکتاتۆریەت وبونیاتنانی عێراقێکی پێشکەوتووی دیموکراسی، مایەی نیگەرانی قوڵ و بریندارکردنی هەستی نیشتیمانیی گەلی کوردستانە."

 

ئەمڕۆ شەممە لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەدژی لێدوانەکانی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەدژی حەشد، هەڵیانکوتایە سەر لقی پارتی لە بەغدا و چوونەناویەوە و سوتاندیان.

 

دەقی پەیامەکە:

سوتاندنی ئاڵای کوردستان و ، بارەگای پارتە سیاسییەکان ، لە هەر پارێزگا و ناوچەیەکی عێراق ؛ بە هەرێمی کوردستانیشەوە ، دیاردەیەکی ناشارستانییە و ، دژە بە پرنسیپەکانی دیموکراسیەت و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سیاسی ، هاوکات سوتاندنی ئاڵای هەرێمێکی دەستووری ؛ کە هێمای گەلێکی پڕ قوربانییە ، بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی دیکتاتۆریەت و ، بونیاتنانی عێراقێکی پێشکەوتووی دیموکراسی . مایەی نیگەرانی قووڵ و ، بریندار کردنی هەستی نیشتیمانیی گەلی کوردستانە .
عێراق ، لەم دۆخەدا ، کە پێویستی ژیانیی بە حیواری نیشتیمانی و ، لێک تێگەیشتنی سیاسی قووڵ و ، سەپاندنی ئیرادەی دەوڵەت هەیە ، ئەم جۆرە ڕووداوانە ، هەوڵەکانی چارەسەرکردنی قەیرانەکان ، لەبار دەبات .
ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ، وێڕای ئیدانە کردن ، داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکەین و ، بە پێویستی دەزانین ، دەوڵەت ، هەیبەتی یاسا ، بەسەر کۆی روداوەکاندا بسەپێنێت .

وتە بێژی فەرمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
١٠/١٧/٢٠٢٠