گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاگەیەنراوێک لە نێچیرڤان بارزانییەوە لەبارەى سوتاندنی لقی پارتی لە بەغدا

2020.10.17 - 14:27
ڕاگەیەنراوێک لە نێچیرڤان بارزانییەوە لەبارەى سوتاندنی لقی پارتی لە بەغدا

ناس کورد-

نێچیرڤان بارزانی سوتاندنی بارەگای لقی پارتی لە بەغدا شەرمەزار دەکات و دەڵێت، گروپێکی لەیاسادەرچوو بارەگاکەیان سوتاندووە و "لە کاتی هێرشەکەدا ئاڵای کوردستان و وێنەی سیمبولەکانی کورد سووتێندراون و ئاڵای حەشدی شەعبی هەڵکراوه‌."

 

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا (17ی تشرینی یەکەمی 2020) دەڵێت، "ئێمە ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین و بە کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێین. هێرش بۆ سه‌ر باره‌گاى حزبێك كه‌ هێزێكى سه‌ره‌كيى ڕووخاندنى دكتاتۆرى بووه‌ له‌ عێراق، هێرشه‌ بۆ سەر مێژووی خەباتی هاوبەشی کورد و هێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەکان لەپێناو نەهێشتنی زۆرداری و دیکتاتۆری."

 

دەشڵێت، " هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هێزە چەکدارەکانی عێراق مێژوویەکی تازەی هاوبەشیان لە شەڕی داعشدا تۆمار کرد، ئێمە هیوادارین ئەو هاوبەشییە هاوکارییەکی زیاتری بەدوادابێت لەڕووی سیاسییەوە لەپێناو دەربازکردنی هەموو خەڵکی عێراق لەو بارودۆخە ناخۆشەی تێیکەوتووە."

پەیامەکەى نێچیرڤان بارزانی لەکاتێکدا ئەمڕۆ شەممە لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەدژی لێدوانەکانی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەدژی حەشد، هەڵیانکوتایە سەر لقی پارتی لە بەغدا و چوونەناویەوە و سوتاندیان.

 

دەقی پەیامەکە:

نێچیرڤان بارزانی سووتاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا شەرمەزار دەکات

سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ گرووپێكى له‌ياساده‌رچوو بارەگای لقی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە شاری بەغدا سووتاند و لە کاتی هێرشەکەدا ئاڵای کوردستان و وێنەی سیمبولەکانی کورد سووتێندراون و ئاڵای حەشدی شەعبی هەڵکراوه‌.

ئێمە ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین و بە کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێین. هێرش بۆ سه‌ر باره‌گاى حزبێك كه‌ هێزێكى سه‌ره‌كيى ڕووخاندنى دكتاتۆرى بووه‌ له‌ عێراق، هێرشه‌ بۆ سەر مێژووی خەباتی هاوبەشی کورد و هێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەکان لەپێناو نەهێشتنی زۆرداری و دیکتاتۆری. هەڕەشه‌يە بۆ سەر پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لەباربردنی ئاشتيی کۆمەڵایەتی و سیاسييه‌ و لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و دیموکراسى و مافەکانی مرۆڤ، ناكۆكه‌.

هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هێزە چەکدارەکانی عێراق مێژوویەکی تازەی هاوبەشیان لە شەڕی داعشدا تۆمار کرد، ئێمە هیوادارین ئەو هاوبەشییە هاوکارییەکی زیاتری بەدوادابێت لەڕووی سیاسییەوە لەپێناو دەربازکردنی هەموو خەڵکی عێراق لەو بارودۆخە ناخۆشەی تێیکەوتووە.

نابێ هیچ لێدوان و مشتومڕێک لە هیچ بوارێکدا ئەو هاوبەشییە تازەیەی نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراقى تازه‌دا تێکبدات، دەبێ هەموو لایەک ئەو هاوخەباتییەی ڕابردوو بەکار بێنین بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی فیدرالیی عێراق لەپێناو هێنانەکایەی بەڕێوەبردنێکی باشتر کە لە خزمەت خەڵکی عێراقدا بێت.

داوا لە هەموو لایەک دەکەین بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوە بکەن و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە یاساییيەکانیان بە شێوەیەکی جددی و خێرا دەستپێ بکەن و تێكده‌ران ڕووبه‌ڕووى ياسا بكرێنه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
17/10/2020