گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حەشدی شەعبی بەیاننامەیەك لەسەر هێرشكردنە سەر بارەگای پارتی دەردەكات

2020.10.17 - 13:41
حەشدی شەعبی بەیاننامەیەك لەسەر هێرشكردنە سەر بارەگای پارتی دەردەكات

ناس کورد-

حەشدی شەعبی بەیاننامەیەكى لەسەر هێرشكردنە سەر بارەگای پارتی دەرکرد و داواى پاراستنى شکۆى دەوڵەت دەکات.

 

لەبەیاننامەکەدا کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە، حەشدى شەعبى رایگەیاندووە (17ى تشرینی یەکەمی 2020) لە هەست و سۆزى عێراقییەکان تێدەگەن بۆ قوربانی و خوێنى رۆڵەکانى حەشد و پشتیوانى بیروڕاى ئازاد و خۆپیشاندانى ئاشتیانە دەکات بەپێی دەستور.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "بەڵام حەشد بەکارهێنانى توندوتیژى و تێکدان ڕەت دەکاتەوە بەهەر جۆرێک بێت."

 

حەشدى شەعبى داواش لە هەموان دەکات پارێزگارى لە شکۆى دەوڵەت و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتى بکەن و رێزى پیاوانى ئاسایش بگرن لەم بارودۆخە هەستیارەدا.

 

ئەمڕۆ (شەممە، 17ی تشرینی یەکەمی 2020) لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەربەستی ئەمنییان تێپەڕاند و چوونە ناو بارەگای لقی پارتی لە بەغدا و بارەگاکەیان سوتاند.    

  

خۆپیشاندانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە دژی لێدوانەکانی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتییە لەبارەى هێزەکانی حەشدی شەعبی.     

 

چەند کاتژمێرێک دوای سوتاندنی بارەگای لقی پارتی لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند، "حەشد هێزێکی دەستورییە و من هێرشم نەکردوەتە سەری".  

  

هۆشیار زێباری بە کەناڵی (العهد)ی سەر بە قەیس خەزعەلی وت، حەشدی شەعبی هێزێکی خەباتگێڕ و جیهادكار و دەستورییە، من لە چاوپێکەوتنەکەمدا لەگەڵ کەناڵی (الحرة) هێرشم نەکرووەتەسەر حەشدی شەعبی و شتێکیان بەناوی منەوە وتووە کە من نەموتووە."    

  

دەشڵێت، "پەیوەندی مێژوویمان لەگەڵ سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و تێکۆشەرانیدا هەیە. حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی دەستورییە و نکولی لە هەوڵەکانی ناکرێت لە سەرکەوتن بەسەر داعشدا."