گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بانگەوازێك لە نوجێفییەوە: با سوپا شەنگال كۆنتڕۆڵ بكات 

2020.10.17 - 10:41
بانگەوازێك لە نوجێفییەوە: با سوپا شەنگال كۆنتڕۆڵ بكات 

ناس کورد-

 

پارێزگاری پێشوتری نەینەواو سەركردە لەبەرەی "ڕزگاری و پەرەپێدان" ی سوننە ئەسیل نوجێفی بانگەوازێكی ئاراستەی سوپای عێراق كرد بۆ كۆنتڕۆڵكردنی  شەنگال و رێگریكردن لە باڵەكانی پەكەكە. 

 

نوجێفى لە پۆستێکدا لەپەیجی فەرمیی خۆی لە فەیسبوک كەمێك بەر لەئێستا رایگەیاند (17ى تشرینی یەکەمی 2020)، "پێویستە سوپاى عێراق دەسەڵاتى خۆى بسەپێنێت لە شنگال و رێگرى بکات لە دوبارە بوونەوەى رووداوەکانى تیرۆرکردن کە لەلایەن پەکەکە و گروپەکانییەوە ئەنجام دەدرێن".

بەقسەی نوجێفی هەڵمەتەكانی پەكەكە و باڵەكانی (یەپەژە و پەیەژە) زیاتر عەرەبەكان دەكاتە ئامانج و ئەمەش ئەگەری پەرچەكرداری هەیە. 

ئەوە لەکاتێکدایە، ڕۆژی ھەینی (9ی تشرینی یەکەمی 2020)، ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاسایی کردنەوە دۆخی شنگال واژوو کرد و ڕێککەوتنەکەش بە مێژووی وەسفکرا.        

  

بەپێی دەقی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەناوی "ڕێکەوتنی گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ لە قەزای شنگال" کە بە سێ تەوەر جیاکراوەتەوە و کۆپیەکی دەست ناس کورد کەوتووە، لە تەوەری ئیدارییدا ھاتووە، قائیمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاریدەکرێت کە کەسێکی دەستپاک و پیشەیی و سەربەخۆ بێت و قبوڵکراو بێت، لەلایەن لیژنەی پێکھێنراوی ھاوبەش پۆستە ئیدارییەکانی تر دادەنرێت و پێویستە پیشەیی بوون و دەستپاکی و پێکھاتەی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگیرێت.       

  

لە دەقی ڕێککەوتنەکە کە لە بەرورای 1ی تشرینی یەکەمی 2020 لەلایەن حەمید ڕەشید فلەیح، وەکیلی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە نوێنەرایەتی حکومەتی ناوەند و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێم واژۆکراوە، سەبارەت بە میحوەری ئەمنی ڕونکراوەتەوە، پۆلیسی ناوخۆیی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتی ئاسایشی قەزاکە دەگرنە ئەستۆ.       

  

باسلەوەشکراوە، سەرجەم پێکھاتە چەکداریەکانی تر دەکرێنە دەرەوە و ٢٥٠٠ ئەندام بۆ ھێزی ئاسایشی ناوخۆیی دادەنرێن و ئاوارەکانی خێوەتگەکان کە خەڵکی شنگالن بەشداریان پێدەکڕێت، ھەروەھا کۆتایی بەبوونی پەکەکە لە شنگال و دەوروبەری دەھێنرێت و بونیان نامێنێت لەناوچەکە.