گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پسپۆڕێكی ئابوری پێشبینی بۆ وادەى ئاساییبوونەوەى ژیانی خەڵکی هەرێم دەکات

2020.10.17 - 08:23
پسپۆڕێكی ئابوری پێشبینی بۆ وادەى ئاساییبوونەوەى ژیانی خەڵکی هەرێم دەکات

ناس كورد-

پسپۆرێكی ئابوری ڕایدەگەیەنێت، بە موچەیەك و دوو موچەی تەواویش ئەو پابەندبوونانەی لەسەر فەرمانبەرن هەیە چارەسەر نابێت، لەبەرئەوە تا ئەو كاتەی موچە وەك بڕ و كاتی دابەشكردن، دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی، كێشە ئابورییەكان چارەسەر نابن و رەنگە ئەوەش ساڵێكی بوێت.

 

خالید حەیدەر، پسپۆری ئابوری لە هەرێمی کوردستان (17ی تشرینی یەكەمی 2020) بە ناس كوردی راگەیاند، لەدوای 2014ەوە تائێستا حكومەتی هەرێم بەگشتی نزیكەی 28 ملیار دۆلار پابەندبوونی دارایی لەسەرە، بۆیە ئەگەر ئەم نمونەیە لە حكومەتەوە بۆ تاكێك سەیر بكرێت، بەهەمان شێوە فەرمانبەرانیش لە پاشەكەوتی موچەوە تائێستا پابەندبوونیان لەسەر كەڵەكە بووە.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، زۆرینەی خەڵك و فەرمانبەرانیش پابەندبوونی داراییان لەسەرە، لەبەرئەوە بە موچەیەك و دوو موچەی تەواویش ئەو پابەندبوونانەیان چارەسەر نابێت، لەبەرئەوە تا ئەو كاتەی موچە وەك بڕ و كاتی دابەشكردن، دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی، ئەو كاتە ئەگەری ئەوەی هەیە لەماوەیەكی نزیكدا كێشە ئابوورییەكان چارەسەر ببن.

 

خالید وتیشی، "پێموایە بۆ سەرووی شەش مانگ تا نزیكەی ساڵێكیش رەنگە دۆخی ژیانی تاكیش ئاسایی بێتەوە، چونكە بۆ نموونە دەبێت فرۆشیار لای روون بێت كە حكومەت بە 30 رۆژ جارێك موچە دەدات، ئەو كاتە دوكانداریش متمانە بەفرۆشیار دەكەنەوە بۆ پێدانی قەرز و قیست".

 

لێدوانی ئەو پسپۆرە ئابوورییە لەكاتێكدایە چەند رۆژێکە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بەدابەشكردنی موچەی مانگی رابردوو كردووە، بەڵام فەرمانبەران دوو مانگی تەواوە موچەیان وەرنەگرتووە، ئەمە جگە لەدواكەوتنی موچەی چوار مانگی دیكەی رابردووش.