گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوایین زانیاریی لەبارەى گرژییەکانیان

پارتى باسى ’’پەیوەندى ڕاستەوخۆ لەگەڵ حەشدى شەعبى و نێوەندگیر’’ دەکات

2020.10.16 - 23:42
پارتى باسى ’’پەیوەندى ڕاستەوخۆ لەگەڵ حەشدى شەعبى و نێوەندگیر’’ دەکات

ناس کورد-

 

پەرلەمانتارێکى پارتى لە پەرلەمانى عێراق رایدەگەیەنێت، پێویستیان بە نێوەندگیر نییە لەگەڵ حەشدى شەعبى، چونکە چەندین کەناڵ هەیە بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان کە هەندێ کەس دەیانەوێت تێکى بدەن.

 

دانا جەزا (16ی تشرینی یەكەمی 2020) بە ناس کوردى راگەیاند، مەبەستى لێدوانەکانى هۆشیار زێبارى ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتى ئەو گروپانە بووە کە بەناوى حەشدى شەعبییەوە هێرشدەکەنە سەر دیبلۆماتکار و باڵیۆزحانەکان لەم دواییەشدا هێرشیانکردە سەر هەولێر.

 

وتیشى ئەو "هێزانەى ناوى حەشد بەکاردەهێنن بۆ مەرامى خۆیان، ئێمە داوادەکەین ئەوانە دوربخرێنەوە، هەندێک دەیانەوێت نێوانى پارتى و حەشد تێکبدەن بۆ مەبەستى بانگەشەى هەڵبژاردن، بەڵام خەڵکى عاقڵ هەیە لەناو ئەوان کە پێیانوایە ئەم پرسە بەم شێوەیە نییە و لەخزمەتى عێراق نییە".

 

لەبارەى ئەنجامدانى گفتوگۆ بۆ چارەسەرى کێشەکان، دانا جەزا وتى "پارتى دەرگاکانى واڵایە و پەیوەندیش هەیە، پێویست بە نێوەندگیر ناکات و پەیوەندییەکان نە پچڕاون و ئێمە لە حکومەتدا بەشدارین، کەناڵى زۆر هەیە و پەیوەندى راستەوخۆش هەیە".

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هۆشیار زێباری لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا حەشدی شەعبی بەملیشیا و تێکدەر ناوبرد و داوای كرد كازمی لە ناوچەی سەوز دووریان بخاتەوە.    

  

بەدوای ئەوەشدا هەڵمەتێك كرایە سەر زێباری و بە سوكایەتی كردن بەحەشدی شەعبی تۆمەتبار كرا. لەم میانەیەشدا پەرلەمانتار حەسەن سالم كە هاوكات فەرماندەيەكى گروپی عەسائیبی ئەهلی حەقە هێرشى كردە سەر زێبارى و ئاماژەى بەوەدابوو كە نۆكەری زایۆنیزم و ئەمەریكایە.    

عادل كەرعاوى، وتەبێژى گروپى چەكدارى "أنصار الله الأوفياء" (پێنجشەممە 15 ى تشرينى يەكەمى 2020) لە لێدوانێكى ڕۆژنامەوانيدا وتى: "ڕێنمايى لە دەستەى حەشدى شەعبى هەيە بۆ لێپێچينەوە لە هۆشيار زێبارى بەهۆى قسەكانى لەسەر حەشد، هەروەها لايەنگران و ئەندامانى حەشد ئامادەكارى دەكەن بۆ ئەنجامدانى خۆپيشاندان."  

  

وتيىشى، حەشد نيازى هەيە سكاڵاى ياسايى لەسەر زێبارى تۆمار بكات و داوا لە بازنەى ياسايى دەستەكە دەكەن كە پەلە بكات لە تۆماركردنى سكاڵاكە، چاوەڕێى وەڵامى حكومەتيان دەكرد سەبارەت بە قسەكانى زێبارى، چونكە حەشد هێزێكى سەربازييە لەژێر دەسەڵاتى دەوڵەت، بۆيە دەبێت سنورێك بۆ ئەو پێشێلكاريانە دابنرێت كە دژيان دەكرێت.  

  

عادل كەرعاوى ئەوەشى ڕونكردووەتەوە، ئەوەى زياتر جێى نيگەرانييە ئەوەيە كە پارتى ديموكراتى كوردستان داواى لێبوردنێكى ئاشكراى لە حەشدى شەعبى نەكردوە.  

  

لەلایەکی دیکەوە میدیا و سەكۆ ئەلەكترۆنییەكانی سەر بە كەتیبەكانی حیزبوڵڵا لە عێراق، دوو ژمارە مۆبایلی هوشیار زێبارییان بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی واتساپەوە لایەنگرەكانیان وەڵامی بدەنەوە.     

  

بەپێی بانگەوازێكی یەكێك لەو میدیایانە بەناوی ئاژانسی "صابرین نیوز" هوشیار مەحمود زێباری هەردوو ژمارە مۆبایلی "***********" و "***********" هەیە و هانی خوێنەرانی دەدات لەرێگەی واتساپەوە گلەیی لێ بكەن و وێنەی چەند مەسجێكیشی بڵاوكردەوە كە ناوبراو بە "نۆكەر" تۆمەتبار دەكەن و وێنەی ئەبو مەهدی موهەندیسیان بۆ ناردووە.    

 

هەر لەمبارەیەوە بەنگین ڕێكانی كە وەك بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی لە بەغدا كار دەكات لە تویتێكدا (14ى تشرینی یەكەمی 2020) كە "ناس كورد" دیویەتی، باس لەوە دەكات هەڵوێستەكانی پارتی تەنها سەرۆكی حیزب و وتەبێژەكان بەناوی سەرۆك و بەناوی حیزب گوزارشتی لێ دەكەن، لە بەغداش سەرۆكی فراكسیۆن و وتەبێژ، جگە لەوانە هەرچی دەرچێت لە كەسانیترەوە ڕای تایبەتییە بەدڵنیایی و دەڵێت "ئێمە لەگەڵ یەكڕیزیداین بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەحەدا قورسەكان".