ناس کورد-
تیمى یەکێتى لە حکومەت رایدەگەیەنێت، ئەگەر بڕیارە حکومەت ھەڵوێست لەسەر رووداو و کارەساتەکان وەربگرێت، پێویستە باس لەسەرجەم روداوەکان وەک یەک بکات بە رووداوەكانی ٣١ی ئاب و کارەساتی شەنگال جینۆسایدی ئێزدییەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
تیمەکە لە (16 تشرینی یەكەمی 2020) لە پەیامێکدا رایگەیاند "ئەرکی حکومەتی ھەرێم خزمەتکردنی ھەمەلایەنەی ھاوڵاتیانە نەک تێوەگلانی بە کێشە سیاسیەکان، بۆیە دەبێت حکومەت و بەرپرسەکانی خۆیان دووربپارێزن لە هەر لێدوانێک یان هەڵوێستێک کە کوردستان دور دەخاتەوە لە کەناری ئارامی".
ئەو پەیامە دواى پەیامەکەى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت دێت لەبارەى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرەوە کە رایگەیاندبوو "ئەو دۆخە نائاساییەی کە لە ئەنجامی خیانەتی خاکفرۆشانەوە، لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی تر هاتە ئاراوە، جێگەی قبوڵکردن نییە."
دەقى پەیامەکە:
پەیامێک لە تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە لە حکومەتی ھەرێم
وەک ئاشکرایە مێژووی گەلەکەمان ھەروەک چۆن پڕیەتی لە شانازی و دەستكەوت، خاڵیش نیە لە کارەسات وکۆسپ و رووداوی نەخوازراو و یەکتر تەخوین و تاوانبارکردن.
ئەو کارەسات و رووداوانەش بەشێکن لە مێژووی دورو نزیکی گەلەکەمان، بۆ ئەوەی راستی ودروستی و چۆنیەتی روودانیان و بکەرەکانیان و هۆکار و دەرئەنجامەكانیان بزانرێت، ئەوا پێویستە لەلایەن مێژوونووسانەوە بەبێلایەنانە لێكۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت. ئێمە بڕوامان وایە کە ئەرکی حکومەتی ھەرێم خزمەتکردنی ھەمەلایەنەی ھاوڵاتیانە نەک تێوەگلانی بە کێشە سیاسیەکان، بۆیە دەبێت حکومەت و بەرپرسەکانی خۆیان دووربپارێزن لە هەر لێدوانێک یان هەڵوێستێک کە کوردستان دور دەخاتەوە لە کەناری ئارامی، خۆئەگەر بڕیاریشە حکومەت ھەڵوێست لەسەر رووداو و کارەساتەکان وەربگرێت، ئەوا پێویستە باس لەسەرجەم روداوەکان وەک یەک بکات بە رووداوەكانی ٣١ی ئاب و کارەساتی شەنگال جینۆسایدی ئێزدییەکان و رووداوەكانی تریش.
ئێمە، جەخت دەکەینەوە لەم ھەلومەرجەدا پێویستە ھەمولایەک پەند و ئامۆژگاری لەکارەساتەکان وەربگرین و بیانکەین بە مایەی یەكڕیزی نەتەوەیی ونەک قوڵكردنەوەی ناکۆکییەکان وتەفرەقە و پەرتەوازەیی.
تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان
١٦/١٠/٢٠٢٠