گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەممە بۆ قادری حاجی عەلی تەرخان دەكرێت

2020.10.16 - 22:29
شەممە بۆ قادری حاجی عەلی تەرخان دەكرێت

ناس کورد-

 

ژمارەیەك چالاك و میدیاكار لە سلێمانی لە بانگەوازێکدا دەڵێن، سبەینێ دەچنە نەخۆشخانەى فاروق  بۆ ھەواڵپرسین لە تەندروستی قادری حاجی عەلی.

 

لە بانگەوازەکەدا ئاماژە بەوەکراوە (16ی تشرینی یەكەمی 2020) "سبەی (١٧/١٠/٢٠٢٠)، ھەموومان خزم و ھاوڕێ و دۆست و ھەڤاڵ و ھاونیشتمانیان بۆ ھەواڵپرسین لە تەندروستی قادری حاجی عەلی لە سلێمانی لە نەخۆشخانەی فاروق کاتژمێر (٣) پاش نیوەڕۆ ئامادە دەبین".

 

لەدوای مانەوەی بۆ چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە و دڵنیایی دان لەبارەی بارودۆخییەوە، جارێكیتر تەندروستیی قادری حاجی عەلی بەرەو خراپی چووە و ناجێگیرە و ئێستا لەژێر چاودێری ورد دایە، سەرچاوەیەکیش دەڵێت، پێدەچێت بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی وڵاتی سوید.  

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوانەی لە دەوروبەری نەخۆشخانەی فاروقی تایبەت چاودێری دۆخی ناوبراو دەكەن (16ی تشرینی یەكەمی 2020)  بە "ناس کورد" ى ڕاگەیاند "تەندروستیی قادری حاجی عەلی بەرەو خراپی چووە و نا جێگیرە و ئێستا لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە."    

  

ئاماژەی بەوەشكرد، قادری حاجی عەلی بەهۆی دروستبوونی کێشەی هەناسەدانەوە بارودۆخی تێکچووە و هەوڵی زۆر هەیە لەرێگای ئۆكسجین و هەناسەدانی دەستكردەوە باری نەخۆشییەكەی سوك بكرێت، بەڵام زیان بە سییەکانی گەیشتووە و تەندروستیی ناجێگیرە.     

  

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشكراکرد، ئەگەر دۆخی تەندروستیی بەوشێوەیە بەردەوام بێت ئەگەری گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەیەکی وڵاتی سوید هەیە.     

 

بەڵام عەتا حاجی عەلی، برای قادری حاجی عەلی لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی، "باری تەندروستی جێگیرە."  

 

هەندێك لە سەرچاوەکان کە نزیکن لە قادرى حاجى عەلی یەکێک لە دامەزرێنەرانى پێشووى بزوتنەوەى گۆڕان بە "ناس کورد" یان ڕاگەیاند (10 تشرینی یەكەمی 2020)، دواى ئەوەى لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا لە نەخۆشخانەى فاروق لە سلێمانى پلازماى پێویست کرایە جەستەى قادرى حاجى عەلییەوە،  تەندروستى بەرەو باشتر رۆشتبوو.      

  

ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد، قادرى حاجى عەلى بەهۆى دروستبوونى تەنگەنەفەسى لەئەنجامى هەوکردنى ڕێژەیەک لە سییەکانى، لە نەخۆشخانەى فاروق داخڵکراو لەژێر چاودێرى پزیشکیدا دانرا.     

  

بەوتەى سەرچاوە ئاگادارەکان، پزیشکیکى پسپۆڕى سییەکان و هەناوى چاودێرییەکى وردى دۆخى تەندروستى قادرى حاجى عەلى دەکات و ژوورێکى تایبەتى بۆ تەرخانکراوە لە نەخۆشخانەکە و تەنها هاوسەرەکەى لەگەڵیدا دەمێنیتەوە، ڕێگە نادرێت کەسوکار و هاوڕێیان و هەودارانى سەردانى بکەن، هۆکارى مانەوەى خێزانەکەشى لەگەڵیدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێشتر دووچارى ڤایرۆسەکە بووە و چاکبووەتەوە.      

  

لەبارەى هۆکارى دووچاربوونى قادرى حاجى عەلى بەپەتاکە، سەرچاوەکانى ناس کورد دەڵێن، دوو هۆکار بۆ ئەوە هەیە، یەکەمیان لەماوەکانى ڕابردودا چەند ئەرکێکى کۆمەڵایەتى بەجێهێناوە و دووەمیشیان بەردەوام پێشوازى لەمیوانەکانى کردووە.     

  

لەسەرەتاكانی ئەم مانگەدا (تشرینی یەكەمی 2020) هەواڵی توشبوونی قادری حاجی عەلی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبوویەوە، هەرچەندە پاش چەند ڕۆژێک لەزاری کەسوکار و براكەیەوە باشبوونی دۆخی تەندروستیی ڕاگەیەندرا، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی "ناس" ئەمشەو بارودۆخی بەرەو خراپی چووە و لەمبارەیەشەوە هەڵمەتێكی هیواخواستنی باش بوونی تەندروستیی لە سۆشیال میدیا هەیە كە هەندێكیان لە سەركردەكانی ئێستای گۆڕانەوەیە.     

  

قادری حاجی عەلی، یەكێكە لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان و پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پێشمەرگەیەكی دێرینی ئەو حیزبە بووە، لە ئێستاشدا وازی لە بزوتنەوەی گۆڕان هێناوە، لەماوەی ڕابردووشدا چەند دەنگۆیەک هەبوو کە حزبێکی سیاسیی نوێ دابمەزرێنێت بەبێ ئەوەی خۆی كەسانی دەوروبەری پشتڕاستی بكەنەوە.