گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەیەکى کۆرۆنا لە سلێمانى: دەرمانە نوێیەکە كاریگەری لاوەكی هەیە

2020.10.16 - 21:59
بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەیەکى کۆرۆنا لە سلێمانى: دەرمانە نوێیەکە كاریگەری لاوەكی هەیە

ناس کورد-

 

بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى جمهورى لە سلێمانى کە تایبەتە بە چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا رایدەگەیەنێت، ئەو دەرمانە نوێیەى بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەرى توشبووان بۆهەموو نەخۆشێك سوودی نییە و هەندێجار کاریگەرى لاوەکى دروستدەکات.

 

د.داهات حەوێزی پزیشكی پسپۆری هەناوی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری لەلاپەڕەى خۆى لە فەیسبوک نوسیویەتى، ڕیمدیسیڤیر دەرمانێكی تازەی دژی كۆرۆنایە، زیاتر بۆ ئەو كەسانە بەکاردەهێنرێت كە تووشی هەوكردنی سەختی سیەكان بون و سوود لە دەرمانە سەرەتاییەكانی كۆرۆنا نابینن.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەم دەرمانە بۆ هەموو نەخۆشێك سوودی نییە، بەڵكو تایبەتمەندی خۆی هەیە و پێویستە لەژێر سەرپەرشتی پزیشكی پسپۆر و لە نەخۆشخانە بەكاربێت. هەندێجار كاریگەری لاوەكی دروست ئەكات وەكو هەستیاری و شۆك و لەكارخستنی جگەر و سست كردنی گورچیلە و هێڵنج و ڕشانەوە.

 

د.داهات حەوێزی باسى لەوەشکردووە، ئێستا ئەم دەرمانە لە نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی تایبەت بە كۆرۆنا بەكاردێت.

 

دەرمانی ڕێمدیسفیری ئەمریکی، لەماوەی ڕابردوودا لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاوە بانگەشەیەکی گەورەی بۆ کرا و دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەو وڵاتەش ڕێگەیدا بە بەکارهێنانی دەرمانەکە بۆ توشبووان. دەرمانەکە جگە لە ئەمریکا، لە وڵاتانی ئەوروپاش بۆ توشبووانی کۆرۆنا بەکاردەهێنرێت.

 

د. هێرش حەیدەر، سەرپەرشتیارى تیمى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا لە سلێمانى (12ى تشرینى یەکەمى 2020) بەناس کوردی ڕاگەیاند "وەک بەرێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی نزیکەی دوو مانگە دەرمانی 'ڕێمدیسڤیر'ی ئەمریکی بۆ توشوبووانی کۆرۆنا بەکاردەهێنین و خستومانەتە نێو پرۆتۆکۆڵی چارەسەرەکانی کۆرۆناوە".   

  

وتیشی "خۆشەختانە ئەنجامێکی باشی هەبووە و سودێکی زۆرمان لێ بینیوە و نیشانەکانی ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە".