گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى نوێ لە ناس کوردەوە

دوا پێشهاتى کێشەى نێوان گۆڕان و فراکسیۆنەکەى لەبەغدا

2020.10.16 - 20:50
دوا پێشهاتى کێشەى نێوان گۆڕان و فراکسیۆنەکەى لەبەغدا

ناس کورد-

 

فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق بەردەوامە لە هەڵپەساردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەکەی و ئەنجامدانى گفتوگۆى لەگەڵ خانەى راپەڕاندن رەتکردووەتەوە.

 

سەرچاوەیەک لە فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى راگەیاند (16ی تشرینی یەكەمی 2020)، لەم ماوەیەدا خانەى راپەڕاندنى گۆڕان هەوڵیداوە گفتوگۆ لەگەڵ فراکسیۆنەکەیدا بکات لەبەغدا، بەڵام فراکسیۆن رەتیکردووەتەوە و سورن لەسەر کشانەوەی گۆڕان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق لە ئێستادا سەربەخۆیانە کار دەکەن و تەنانەت هەندێک پەرلەمانتاریان سەردانی گردی زەرگەتەش ناکەن.

 

مانگی رابردوو کێشەکانی نێوان فراکسیۆنی گۆڕان و خانەی راپەراندن زیاتر تەشەنەیان سەند بەجۆرێک فراکسیۆنەکەیان بایکۆتی خانەی راپەڕاندنیان کرد کە لەپەرلەمانی عێراق خاوەنی پێنج کورسین.

 

7ی مانگى رابردوو فراکسیۆنى گۆڕان پەیوەندییەکانى لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان هەڵپەسارد، بەهۆى بڕیارى بزوتنەوەکە بۆ مانەوەیان لە حکومەت "بەبێ هیچ راپرسی و دەنگدانێک" لەو بارەیەوە، لەگەڵ شێوازى مامەڵەیان لەگەڵ فراکسیۆنەکە کە داواى کشانەوەیان کردبوو لە حکومەت.

 

ئەو بڕیارە دواى دوو ڕۆژ هات لە کۆبوونەوەکەى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان، کە مشتومڕى توندى بەخۆوە بینى لەنێوان غالب محەمەد نوێنەرى فراکسیۆنەکە و بەرپرسانى بزوتنەوەکە، لەسەر پرسی کشانەوەی گۆڕان لەحکومەت.  

  

غالب محەمەد پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان پێشتر بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو "ئێمە لەو بەیاننامەیەدا کە حەوتى مانگ بڵاومانکردەوە، هەموو شتێکمان باسکردووە و هەڵویستەکانى خۆمان خستووەتەڕوو".  

 

سەرەتاى دەرکەوتنى ناکۆکییەکانى نێوان  گۆڕان و فراکسیۆنەکەى لە بەغدا رۆژى 20 ى ئاب دەرکەوتن، کاتێک فراکسیۆنەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا داواى لە بزوتنەوەکە کرد لە حکومەتى هەرێم بکشێتەوە، بە پاساوى ئەوەى "شکستی خواردووە".  

 

کاردۆ محەمەد، رێکخەرى ژورى پەرلەمانى بزوتنەوەى گۆڕان پێشتر بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، "بەپێی چوارچێوەى کاریی دامەزراوەیی رێگە بەهیچ ئۆرگانێک نادرێت کە بریارى پێشوەختە بەسەر بزوتنەوەکەدا بسەپێنێت، یاخود هەوڵبدات لەدەرەوە بڕیارى خۆى بسەپێنێت، بەڵکو دەبێت بە گفتوگۆ لەناو ئۆرگانەکاندا پرۆسەى بڕیاردان گفتوگۆى لەسەر بکرێت و بڕیارى پێویست لەسەر پرسەکان بدرێت".