گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دابەشکردنى موچەى توێژێک دواخرا

2020.10.16 - 16:58
دابەشکردنى موچەى توێژێک دواخرا

ناس کورد-

 

دابەشکردنى موچەى کەس و کاری ئەنفالکراوان و شەهیدانی کەرکوک لەچەمچەماڵ کە بڕیاربوو سبەینێ دابەشبکرێت دواخرا.

 

 

بەپێی ئاگادارییەکى بانکى چەرموو کە لە لاپەڕەى فەرمى قایمقامیەتى چەمچەماڵ لە فەیسبوک بڵاوکراوەتەوە (16 تشرینی یەكەمی 2020)، بەهۆی تەواونەبوونی لیستی موچەی کەس و کاری ئەنفالکراوان و شەهیدانی کەرکوکەوە، سبەی شەممە موچەکانیان دابەش ناکرێت ڕۆژی یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

 

تا ئێستا موچەی کەس وکاری شەهید و ئەنفالکراوان لە هەرێم دابەشنەکراوە، موچەی پێشوویان موچەى مانگی ١١ی ساڵى ٢٠١٩ بوو، لەکاتێکدا موچەى ئەم مانگە هى مانگى نۆى ئەمساڵە.

 

بەهۆى گۆڕینى لیستى موچەى ئەم مانگەوە، دابەشکردنى موچە خاوبوونەوەى بەخۆوە بینیوە. 15ی تشرینی یەكەمی 2020، مووچەی مانگی ئەیلولی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم وەك یەكەمین وەزارەت دابەشکرا، بەڵام بەشێك لەفەرمانگەكانی سەر بەو وەزارەتە لەشاری سلێمانی مووچەكانیان وەرنەگرتووە.  

 

سەرچاوەیەك لەبەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە ناس كوردی رایگەیاند، بەپێی خشتەكە ئەمڕۆ مووچە دابەشكراوە، ئەگەر هەموو فەرمانگەكان وەریان نەگرتبێت دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕینی لیستی مووچە لەنیسانەوە بۆ ئەیلول، چونكە ئەو گۆڕانكارییە كاتی دەوێت.  

  

بڕیارە رۆژی شەممەش مووچەی مانگی ئەیلولی وەزارەتی پەروەردە دابەش بكرێت، بەڵام پێدەچێت نەتوانرێت تا ئەوکاتە لیستی موچە ئامادەبکرێت و دوابکەوێت.  

  

بەكر محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ ناس كورد رایگەیاند، ئێستا فەرمانبەرانی ژمێریاری سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ لیستی مووچە، بەڵام بەهۆی وردەكاری زۆری لیستەكەوە گومانیان هەیە رۆژی شەممە بتوانن مووچەی مانگی نۆ لەكاتی خۆیدا تەواو بكەن، لەبەرئەوەی ژمارەی مامۆستا و فەرمانبەران زۆرن.  

  

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی دووشەممەی ڕابردوو داوای لەوەزارەت و دام و دەزگاكان كرد، بەزووترین کات لیستی مانگی نیسان بۆ ئەیلول بگۆڕن.  

  

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمیش رۆژی سێشەممە لەكۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هۆكاری گۆڕینی لیستی مووچەی مانگی نیسان بۆ ئەیلول پەیوەندی بەداوایەكی حكومەتی عێراقەوە هەبوو كە داوایان كردووە لیستی مووچە هاوتای لیستی مووچەی عێراق بكرێت.