گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چیرۆکەکەى بخوێنەوە

ماوەی سێ مانگە ’’ئەیوبی بێ کەسوکار’’ لە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکوک بەخێودەکرێت

2020.10.16 - 14:13
ماوەی سێ مانگە ’’ئەیوبی بێ کەسوکار’’ لە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکوک بەخێودەکرێت

 

بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکوک لە ماوەی ئەمساڵدا، چوار منداڵی بێ کەسوکار لە کەرکوک هەڵگیراونەتەوە و تا ئێستایش شوێنێک بۆ داڵدەدانی ئەو منداڵە بێ کەسوکارانە لە کەرکوکدا نییە.

 

سێ مانگ لەمەوبەر منداڵێکی تازە لەدایکبوو لەنێو کارتۆنێکدا لەسەر پردی بازاڕی شەقامی ئەتڵەسی شاری کەرکوک لەلایەن کاسبکارێکەوە هەڵدەگیرێتەوە، پاشان ھەواڵ دەدات بە بنکەی پۆلیسی قۆریە و لەلایەن دادگا و پۆلیسەوە، رەوانەی نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکوک دەکرێت.

 

دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە پشکنین بۆ منداڵە تازە لەدایکبووەکە دەکرێت و لە بەشی منداڵانی ناکام لە نەخۆشخانەی منداڵان دادەنرێت، لەو کاتەوە کارمەندانی نەخۆشخانەکە و پزیشکەکان گرنگی پێ دەدەن و وەک منداڵی خۆیان بەخێوی دەکەن و ناویشی دەنێن "ئەیوب".

 

کەسوکاری "ئەیوب" نادیارن و کەسیش نازانێت ھۆکاری فڕێدانی چییە، بەڵام لە نەخۆشحانە ژماریەک دایکی ھەیە کە خزمەتی دەکەن و خۆشیان پێداویستی و جلوبەرگی بۆ دەکڕن.

 

بەڕێوبەری نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکوک، دکتۆر شاھین کامل لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: "بەر لەسێ مانگ پۆلیسی کەرکوک منداڵێکی تازە لەدایکبوویان بۆ نەخۆشخانەکەمان ھێنا کە کەسوکاری نادیارن، تا ئێستا "ئەیوب" لەلای خۆمانە و لەلایەن کارمەندەکانمەوە گرنگی پێدەدرێت و ھیچ کەسیش نەھاتووە بۆ سۆراخکردنی و ناشزانین دایک و باوکی کێن".

 

شاھین کامل وتیشی: "ھەوڵدەدەین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەو منداڵە یەکلایی بکەنەوە".

 

کارمەندێکی تەندروستیی بەشی منداڵانی ناکام لە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکوک کە زۆرترین گرنگی بە "ئەیوب" دەدات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من ھەر وەک منداڵێکی خۆم گرنگی پێ دەدەم و لە دوای تەواوبوونی دەوامیشمەوە پەیوەندی بە ھاوڕێکانم دەکەم و ھەواڵی "ئەیوب" دەپرسم و خەمی ئەومە".

 

ئەو گوتیشی: "کاتێک پێیان گوتین دادگا منداڵەکە دەبەخشێتە خێزانێک کە منداڵیان نییە، من ئەو شەوە تابەیانی بۆ "ئەیوب" گریاوم و ھەروا ھەستم کردووە بەشێکە لەخۆم، گەر دادگایش نەیبەخشێتە ھیچ کەسێک ئەوا من ئامادەم تا کۆتایی ژیانم وەک منداڵی خۆم بەخێوی بکەم".

 

هەڵگرتنەوەی منداڵانی بێ کەسوکار کە بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک وەک دیاردەیەک دەردەکەوێت لە ماوەی رابردوودا، زیاتر بووە و تەنها لە ماوەی ئەمساڵدا، چوار منداڵی بێ کەسوکار لە کەرکوک هەڵگیراونەتەوە.

هۆکاری زیادبوونی ئەو دیاردەیە بە رای توێژەرێکی دەروونی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئەمنی کەرکوک و قەیرانی دارایی.

 

لەوبارەیەوە توێژەری دەروونی، چینەر سیروان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: "ھاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە بۆ شارەکە، زیادبوونی حاڵەتەکانی دروستکردنی منداڵ لە دەرەوەی خێزان و قەرەباڵغبوونی ژمارەی خێزانەکان لە کەرکوک ھۆکارێکە بۆ زیادبوونی ئەو حاڵەتانە ئەمە جگە لە ھۆکاری خراپی بواری ئەمنی و ئاسایش و خراپبوونی دۆخی ماددی و بژێوی ژیانی خەڵک کاریگەری دەکاتە سەر دۆخی دەروونی خەڵک و وا دەکەن بەخێوکردنی منداڵ لەم دۆخەدا قورس بێت و دیاردەی فڕێدانی منداڵیش زیاتربێت".

 

بەپێی یاسا، خانەی سەرپەرشتیارانی کەرکوک ناتوانن "ئەیوب" لەخۆبگرن، چونکە منداڵانی خوار پێنج ساڵان وەرناگرن و ئەوەیش وا دەکات ئەو منداڵە بێ کەسوکارانەی لە کەرکوک بێسەرپەرشتن ببرێنە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکوک.

 

بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکوک لە ماوەی نۆ مانگی ئەمساڵدا، چوار منداڵی بێ کەسوکار لە کەرکوک هەڵگیراونەتەوە کە سێیانیان منداڵی تازە لەدایکبوو بوون، بەھۆی نەبوونی شوێنیکیش بۆ ئەو منداڵانە لە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکوک دەھێڵڕێنەوە تا ئەو کاتەی دادگا بڕیار دەدات بیدات بە خێزانێکی کەرکوک.