گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستیی جيهانى کۆتایی بە مشتومڕەکە هێنا.. دەرمانەکانی عێراق دژی کۆرۆنا سوديان نییە

2020.10.16 - 13:55
تەندروستیی جيهانى کۆتایی بە مشتومڕەکە هێنا.. دەرمانەکانی عێراق دژی کۆرۆنا سوديان نییە

ناس کورد-

ڕێكخراوى تەندروستیی جيهانى چوار جۆر دەرمانى دياريكرد كە بەكەڵكى چارەسەركردنى توشبووانى كۆرۆنا نايەن لە نەخۆشخانەكاندا و ڕێژەى مردنيان كەمنەكردوەتەوە.

 

ڕێكخراوى تەندروستیی جيهانى (16ى تشرینی یەکەمی 2020) بڵاويكردووەتەوە، دەرمانەكانى "ڕيمديسفير، هايدرۆكسى كلۆرۆكوين، لوبينافير ڕيتۆنافير و ئينتەرفيرۆن" بۆ چارەسەرەرى توشبووانى كۆرۆنا گونجاو نين، هەندێك لەو دەرمانانەش لە عێراق لە پرۆتۆكۆڵى چارەسەرى توشبووانى كۆرۆنا پشتيان پێدەبەسترێت.

 

جەختی کردووەتەوە کە  ئەنجامەكان لە تاقيكردنەوەيەكى قەرەوێڵەيى سەلماندويانە كە ئەو چوار جۆرە چارەسەرەى باسكراون كاريگەرييەكەى زۆر كەميان هەيە لەسەر كەمكردنەوەى ڕێژەى مردن بە ڤايرۆسەكە، ئەوەش دواى ئەوەى ماوەى 28 ڕۆژ بە پرۆسەى چارەسەركردندا دەڕۆن لە نەخۆشخانەكان."

 

پێشتر كۆمپانياى "جەلعاد ساينس"ى ئەمريكى ئەوەى بڵاوكردبوەوە، پشت بە چارەسەرى ڕيمديسفير دەبەستن كە پەرەيان پێداوە و ماوەى چاكبونەوەى توشبووانى كۆرۆنا بۆ چوار ڕۆژ كەمدەكاتەوە.

 

هەريەكە لە وڵاتەكانى، ئەمريكا، ژاپۆن، كۆرياى باشور، هندستان، ئيسرائيل، بەريتانيا و ڕوسيا و عێراق ئەو دەرمانە بەكاردەهێنن، كە لە بنەڕەتدا بۆ چارەسەركردنى هەوكردنى جگەر "ڤايرۆسى C" و ڤايرۆسى خانەيى هەناسەدان پەرەى پێدراوە، هەروەها بۆ چارەسەركردنى نەخۆشى ئيبۆلاس كاريگەريى هەيە.