گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێران دەست لە پەکەکە بەردەدات

’’نهێنی تر لە پشت ڕێككەوتنی شەنگالەوە هەیە’’

2020.10.16 - 12:04
’’نهێنی تر لە پشت ڕێككەوتنی شەنگالەوە هەیە’’

ناس کورد-

توێژەرێكی عێراقی جەخت دەكاتەوە ئەوەی لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی ڕوویدا لەبارەی شەنگال جێبەجێكردنی لێكگەیشتنی توركیا و ئێرانە بەڵام ئێرانییەكان بەیەكجاری دەستبەرداری پەكەكە نابن.

 

یاساناس و چالاكی سوننە د.یەحیا ئەلكوبەیسی كە لە عەمانی پایتەختی ئوردن نیشتەجێیە لە شیكارێكدا كە لەپێگە ئەلەكترۆنییەكانی خۆی بڵاویكردووەتەوە (16 تشرینی یەكەمی 2020) و "ناس" بەدواداچوونی بۆ كردووە، باس لەوە دەكات لێكگەیشتنە هاوبەشەكانی نێوان توركیا و ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكان لەئەیلولی ئەمساڵ (2020) كتوپڕ رێككەوتنی شەنگالی لێ كەوتەوە لەنێوان هەولێر و بەغدا.


كوبەیسی باس لەوە دەكات بە فەرمانی ئێران، هێزە عێراقییەكان لەگێڕانەوەی موسڵدا توخنی شەنگال نەكەوتن كە لەبن دەستی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بوو، لەدوای ریفراندۆمیش هەروەها، جگە لەوەش حەشدی شەعبی هێزێكی بۆ ئێزدییەكانی سەر بە پەكەكە دامەزراند، بەڵام ئێستا هاوكێشەكە گۆڕاوە.


كوبەیسی بەدووری دەزانێت ئێران بەتەواوی دەستبەرداری پەكەكە ببێت و بەڵگە بەوە دەهێنێتەوە كە هێزەكەی حەشدی هەواداری پەكەكە هەر دەمێنن و خەونی ئێرانیش بۆ گەیشتن بە سوریا و دەریای ناوەڕاست هەر پێویستی بەهاوكاری پەكەكە هەیە لە شەنكال و لەبەری رۆژهەڵاتی فوراتیش.
لەلایەكیترەوە سەنتەری ئیمارات بۆ سیاسەت لە توێژینەوەیەكدا كە ناس كورد خوێندنەوەی بۆ كردووە (4 تشرینی یەكەمی 2020) ئەوە دەخاتەڕوو، ئەنقەرە پاڵپشتی پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات بۆ لاوازكردنی پێگەی پارتی كرێكارانی کوردستان، ئەم هێزە كوردییە چەپڕەوەش لای خۆیەوە هاوئاهەنگی و پەیوەندی زۆری هەیە لەگەڵ گروپەكانی حەشدی شەعبی بەتایبەت لە شنگال.

 

سەنتەرەكە (EPC) كە بارەگاكەی لە ئەبوزەبیە لە توێژینەوەكەدا باسی لەوەكردووە، بەرانبەر پاڵپشتی توركیا لە پارتی، پەکەکە پشت بە حەشدی شەعبی دەبەستێت بۆ بەرەنگاربونەوەی دەسەڵاتی پارتی و لەم میانەیەشدا 900 چەكداری پارتی كرێكاران لە حەشدی شەعبی موچە وەردەگرن و لەم دەزگا ئەمنییە ناویان بە "النصر المبین" تۆماركراوە، جگە لەوەش بەرپرسی ئیدارەی شنگال لەلایەن ئەبو مەهدی موهەندیسەوە بەر لە كوژرانی دانرا.


توێژینەوەكە ئەوەش دەخاتەڕوو کە "هاوئاهەنگی پارتی كرێكاران و حەشدی شەعبی لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكی گەورەی ڕوسی_ئێرانی دایە بۆ بەرهەڵستیكردنی پێگەی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە بۆیە ئەستەمە ئێران بەتەواوەتی دەستبەرداری پەکەکە ببێت لەبەر خاتری هاوپەیمانێتی توركیا.