گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە 600 زیندانی داعشی ئازاد کرد

2020.10.16 - 08:37
ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە 600 زیندانی داعشی ئازاد کرد

ناس كورد-

هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر لە 630 زیندانییان ئازاد کرد کە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە ڕێکخراوی داعشەوە دەستگیرکرابوون، ئەوەش لە چوارچێوەیەی "لێبوردنێکی گشتی" بۆ ئەو کەسانەی بە دۆسیەکانی "تیرۆر" دەستگیرکرابوون.

 

بەو شێوەیە، هەندێک فشاری سەر زیندانە قەرەباڵغەکانی ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات کەم دەبێتەوە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی فرانس پرێس، ئەو هەنگاوە جارێکی تر مەترسی سەرهەڵدانەوەى "تیرۆر و توندڕەوی" زیاد دەکات، بە تایبەت کە داعش دەیەوێت ڕیزەکانی تۆکمە بکاتەوە لە عێراق و سوریا.

 

لە ئێستادا هەزاران زیندانی بە تۆمەتی داعشبوون یان بوونی پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە دەستگیرکراون لە زیندانەکانی هەسەدە، سەدان کەسیان بە ڕەگەز ئەوروپین.

 

ئامینە عومەر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، "ئەوانەی ئازاد کراون خەڵکی سوریان، ئەوانە ڕاستە مامەڵەیان لەگەڵ داعش کردووە بەڵام هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە."

 

باسی لەوەش کرد، "ئەوانە لەسەر داوای سەرۆک عەشیرەتەکانی ناوچەکە ئازاد کراون کە زۆرینەی دانیشتوانی ناوچەکە پێک دەهێنن."

 

ڕونیشیکردەوە کە "ژمارەى ئەو سورییانەى کە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە داعشەوە دەستگیرکراون نزیکەى چوار هەزار و 400 کەسن."