ناس کورد-
پۆليسى هەولێر ئاشكرايكرد، تۆمەتبارێكى مەترسيداريان دەستگير كردوە كە چەندين جار بە ئۆتۆمبێلى جام ڕەش تەقەى كردووە و بازرگانى مادە هۆشبەرەكان بووە و دەستدرێژيشی كردووەتەسەر هاووڵاتيان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەڕێوەبەرايەتى پۆليسى پارێزگاى هەولێر (پێنجشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2020) لە بڵاوكراوەيەكدا ڕايگەياندووە، هێزەكانى پۆليس لە چەند حاڵەتێكى تەقەكردن و بێزاركردنی هاووڵاتیان بە ئۆتۆمبێلی جامڕەش و بێ ژمارە و بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و حەبی بێهۆشكەر و چەند حاڵەتێكی دیكەی شەڕفرۆشتن بە خەڵك و تەعەداكردن لێیان ئاگادار كراوەتەوە.
ڕونيشكراوەتەوە، تیمێكی تۆكمەی لێكۆڵینەوەیان پێكهێنا و دوای بەدواداچوونێكی ورد و چڕ و بەدەستهێنانی زانیاری، توانییان شوێنی تۆمەتبارێكی مەترسیدار لە گەڕەكی پێنجی حەسارۆك ئاشكرا بكەن و بە پلانێكی وردی بەرنامە بۆداڕێژراو دەستگیری بكەن.
تەئكيديش كراوەتەوە، تۆمەتبارەكە بەپێى چەند مادەيەك لە یاسای سزادان فەرمانی دەستگیركردنی هەبوو و چوار سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماركرابوون، لە كاتی دەستگیركردنیدا لە شوێنی حەوانەوەی، دەست بەسەر152 گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵ، 421 گرام جامایكا، 35 گرام حەشیش، 78 پارچە حەبی ترامادۆڵ، 6 چەكی جۆری كلاشنكۆف، 7 نارنجۆك، 2 ئۆتۆمبێلی جۆری كیا كادێنزا و نیسان سەنییەكی ژمارە ستاختەدا گیرا.
پۆليسى پارێزگاى هەولێر جەختيشيكردوەتەوە، تۆمەتبارەكە دانیناوە بە تاوانەكانیدا و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە 421 لە یاسای سزادان راگیراوە و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.