ناس کورد-
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکرد، بەهۆی قەتیس بوونی گەرمی لەسەر ڕووی زەوی لەماوەی ڕابردوودا، زەریای ئەتلەسی زۆرترین ڕێژەی گەرمی گرتووەتە خۆی، بەجۆرێک لە ماوەی دوو هەزار و 900 ساڵی ڕابردوودا هاوشێوەی نەبووە و ئەوەش دەبێتەهۆی سەرهەڵدانی وشکەساڵی.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی تیمێکی حکومی نێودەوڵەتی تایبەت بە گۆڕانکاری کەش کە لە گۆڤاری" Proceedings of the National Academy of Sciences " بڵاوکراوەتەوە، تیایدا دەرکەوتووە: " پلەی گەرمی سەر ئاوەکانی زەریای ئەتلەس لە ماوەی ڕابردوودا زۆر بەرزبووەتەوە بەجۆرێک بەدراێژی دوو هەزار و 900 ساڵی ڕابردوو هاوشێوەی نەبووە و ئەو زەریایە لە 93%ی ئەو گەرمییەی گرتووەتە خۆی".
توێژینەوەکە کە چەندین زانا لە وڵاتی ئەمریکاو کەندا بەشداریان تێیدا کردووە ئەوەی ڕوونکردووەتەوە: "بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی سەر ئاوەکانی زەریای ئەتەڵەسی بەشێوەیەکی زۆر مەترسیدار کاریگەری دەکاتە سەرکەشی نیوەی گۆی باکوری زەوی".
بەگوێرەی توێژینەوەکە: " ئەو حاڵەتە کاریگەریشی دەبێت بۆسەر جەمسەری بەستەڵەکی باکور و دەشبێتە هۆی سەرهەڵدانی وشکەساڵی و هەڵکردنی زریانەکان و گەردەلولەکان لەسەر ڕووی زەوی ".