ناس کورد-
هێشتا ڕۆژێکی ماوە بۆ 16ی ئۆکتۆبەر، بەڵام شەڕی ئەو ساڵڕۆژە لەئێستاوە دەستیپێکردووە و ئەندامێکی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک لەسەر پشکی پارتی بەناونیشانی "خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر چۆن ڕوویدا و لێکەوتەکانی چیبوون" بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شاخەوان عەبدوڵڵا، پەڕلەمانتاری پێشووی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی ئاساییكردنەوەی كەركوك (پێنجشەممە 15ی ئۆکتۆبەری 2020) لە نوسینێکدا لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی: " خیانەتی١٦ی ئۆکتۆبەر چۆن رویداو لێکەوتەکانی چیبوون:
یەكەم/ شازدەی ئۆكتۆبەر ساڵڕۆژی ڕووداوێكی كارەساتبار و ناخۆشە لە مێژووی گەلەكەمان ئەو ڕووداوە لە ئەنجامی ڕێككەوتنێكی ژێر بە ژێر و نهێنیی بەشێكی یەكێتی، بە بێ ئاگاداریی دامودەزگای فەرمی هەرێم و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و لایەنە سیاسییەكان و تەنانەت بە بێ ئاگاداری بەشێكی گرنگی یەكێتی و بە سەرپەرشتیی لایەنێكی بیانی و حەشد و حكوومەتی عێراقی ئەنجام درا.
دووەم / ئەم ڕێككەوتنە هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و ناپاكی لە گەلی كوردستان و كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە و خەبات و قوربانیدانی چەندین ساڵەی ڕۆڵەكانی كوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان كراوە.
سێیەم/ ئەم ڕێككەوتنە و ڕادەستكردنی كەركووك بە بێ شەڕ و پاشەكشەپێكردنی هێزەكان بە بێ هەماهەنگی و ئاگاداریی كۆی هێزی بەرگریی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە زەبرێكی گەوەری لە مۆڕاڵ و ورەی پێشمەرگە دا و پێشمەرگەشی بۆ بەرگریكردن لە ناوچە جیاجیاكان تووشی شپرزەیی وهەڵوەشانەوە كرد.
چوارەم/ئەم ڕووداوە بووە هۆی تێكدانی باری دەروونیی هاوڵاتیانی كوردستان و خەڵكی نیشتیمانپەروەر و نائومێدی لەناو تێكڕای نەتەوەی كورد و گەلی كوردستان دروست كرد.
پێنجەم/ئەم ڕووداوە کاریگەری زۆری خستە سەر ڕۆڵی کورد لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و سەرچاوەكانی هێز و داهاتی گەلی كوردستانی كردە نیوە.
شەشەم/ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی داعش بە یەكڕیزیی تەواو لە یەك سەنگەردا بوون و قارەمانانە بەرگرییان لە كەرامەت و خاكی كوردستان كرد و ئەو خیانەتە بوە هۆی دروست بونی و درز و دووبەرەكی لەنێو ڕیزەكانی پێشمەرگە و وای لێهات لە ڕۆژانی دواتر بەشێكی هێزەكانی پێشمەرگە شەڕی بەرگرییان دەكرد و بەشێكی تریش فرمێسكی نائومێدی و حەسرەتیان دەڕشت لە دوورەوە سەیریان دەكرد.
حەوتەم/ ڕیفراندۆم پڕۆسەیەكی دیموكراتی و ئاشتیخوازانە و مەدەنیانەی خەڵكی كوردستان بوو و هی ئەوە نەبوو ئەو هەڕەشە و زەبر و زەنگ و ناپاكییەی بەرانبەر بكرێت.
هەشتەم / ڕووداوی شازدەی ئۆكتۆبەر کاریگەری لەسەر سەنگ و رۆڵی هەرێمی کوردستان لەناو ناوەندە دەولی و عەرەبییەكان بەشێوەیەکی سلبی هەبو ، تەنانەت كاریگەریی خەراپی لەسەر ئەو ناوبانگە باشە هەبوو كە كورد لەسەر ئاستی جیهانیدا بەدەستی هێنابوو بە تایبەت لە شەڕی داعش.
نۆیەم /ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر پەیوەندی نێوان لایەنە كوردستانییەكانی تێك دا و زەمینەی بۆ دووبەرەكی و شەڕی ئیعالمی و بێ متمانەیی نێوان لایەنە سیاسیەكان خۆش كرد.
دەیەم /شازدەی ئۆكتۆبەر بووە هۆی تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا وئەو ناپاكییە ناوخۆییەی ئەنجام درا بووە هۆی بەهێزتربوونی ڕەوتی شۆڤینی و تاییفیی لەناو عێراقدا و هانی بەشێكی زۆری لایەنە عەرەبییەكانی دا بە (شیعە و سوننەوە) زیاتر و بێ باكانەتر دژایەتیی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان بكەن.
یازدەهەم /شازدەی ئۆكتۆبەر بووە هۆی ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆوری هاووڵاتیانی كورد لە كەركووك و ناوچەكانی تری دەرەوەی هەرێم کوردستان .
دوازدەهەم / بەهۆی ١٦ شازدەی ئۆکتۆبەر دیسان پرۆسەی تەعریب لەناوچەکە دەستی پێکردوەو رۆژانە عەرەب هاوردە دەکرێت و بەپێچەوانەی یاسا رێگەیان پێدەرێت و کارئاسانی نیشتەجێ بونیان بۆ دەکرێت.
سێزدەهەم / لەدوای شازدەی ئۆکتۆبەر سەرجەم سامانی ژێر زەویی و سەرزەوی بەتاڵان دەروات و پارەکەشی دەچێتە گیرفانی بێگانەو هەندێ لەملیشیاکان و تەنانەت خاک فرۆشانیش تا ئێستا بەرکەوتەیەکی کەمیان هەیە لەو بەتاڵان بردنەی شارەکە .
لە کۆتایی نوسینەکەیدا شاخەوان عەبدوڵڵا نوسیویەتی: "روورەشی بۆ خۆفرۆشان ونەفرەت لەداگیرکەرانی کوردستان ."