گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى پێکهێنانى پێنج لیژنەی چاکسازیى لەلایەن وەزارەتى پێشمەرگەوە

2020.10.15 - 13:58
وردەکاریى پێکهێنانى پێنج لیژنەی چاکسازیى لەلایەن وەزارەتى پێشمەرگەوە

ناس کورد-  

جێگرى سوپاسالار لە وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان وردەکاری ئەو پێنج لیژنەى چاکسازییە ئاشکرا دەکات کە لەلایەن وەزارەتەکەیەوە پێکهێنراوە.

 

لیوا قارەمان كەمال، جێگری سوپاسالار لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکى بۆ ماڵپەرى فەرمى پارتى کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە، ڕایگەیاند "جێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەر بەردەوامە و قۆناغی باشی بڕیوە، بۆیە ئەوەی لە یاسای چاكسازیدا پەیوەندیی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە ھەیە، كاری لەسەر دەكرێت و جێبەجێ دەكرێت."

 

جێگری سوپاسالار لە وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەى ئەو پێنج لیژنەیەى کە وەزارەت پێکیهێناوە رونیکردەوە، پێنج لیژنەکە كار لە پێنج بواردا دەكەن لە بەرنامەی چاكسازیدا، كە پەیوەندییان بە وەزارەتی پێشمەرگەوە ھەیە، ئەوانیش رێكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە و یەكەی پاسەوانی، كە ھەموو پاسەوانەكان رێك دەخرێنەوە و یەكەی ژمێریاری كە ھەموو ھێزی پێشمەرگە لە یەك یەكەی ژمێریاری مووچە وەردەگرێت و دۆسیەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، كە ئەویش پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت لەگەڵ خانەنشینانی پێشمەرگە، كە ئەویش هەروەها پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت و بەپێی یاسای چاكسازی رێك دەخرێت.

 

جەختیشى کردەوە، ئەوەی ژمێریاری تا كۆتایی ساڵ تەواو دەبێت و ئەوانەی دیكەش ھەندێكی كاری باشیان بۆ كراوە و رەشنووسیشیان بۆ ئامادە كراوە، پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت تا جێبەجێ دەكرێت.