ناس کورد-
وتەبێژى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق ڕایگەیاند، کۆبونەوەکەیان لەگەڵ شاندى وەزارەتى پێشمەرگە سەرکەتوو بووە و رێککەوتنە ئەمنیەکەى نێوان هەولێر و بەغداش گەڕانەوەى هێزەکانى پێشمەرگە بۆ کەرکوک لەخۆ ناگرێت.
ڕۆژنامەى سەباحى فەرمى لەسەر زارى لیوا تەحسین خەفاجى، وتەبێژى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق، (15ى تشرینى یەکەمى 2020) بڵاوى کردەوە "بۆ تاوتوێکردنى هەماهەنگى ئەمنیى و سەربازى لەنێوان حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێمدا، لەگەڵ شاندێکى وەزارەتى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستاندا کۆبونەتەوە".
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد "کۆبونەوەکە بەرهەمى هەبووە بەمەبەستى کردنەوەى ناوەندێک بۆ هەماهەنگى هاوبەش لەنێوان هەردوولادا و ڕاستەوخۆ دەستکردن بە کارى ئەمنیى و سەربازى لەناوچەکانى دیالە و دامەزراندنى ناوەندێکى هەماهەنگى ئەمنیى لەو ناوچەیەدا بۆ ڕاوەدوونانى چەکدارانى داعش".
خەفاجى جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە "ئەو هەوڵانە بۆ پڕکردنەوەى بۆشاییە ئەمنیەکانى نێوان هێزەکانى فیدراڵ و هێزەکانى پێشمەرگەیە کە چەکدارانى داعش فرسەتیان لێوەردەگرێت".
وتەبێژەکەى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ڕونیکردەوە "هەماهەنگیەکە لەدیالە دەستى پێکردوە و دواى سەرکەوتنیشى دەستدەکرێت بەکار لەناوچەکانى تر و لەو کۆبونەوەیەدا باس لەگەڕانەوەى هێزەکانى پێشمەرگە بۆ کەرکوک نەکراوە".