گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانی وەزیری تەندروستیی هەرێم لەبارەى ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ

2020.10.14 - 11:32
لێدوانی وەزیری تەندروستیی هەرێم لەبارەى ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ

ناس کورد-

وەزیری تەندروستیی هەرێم ئاشکرای کرد، هیچ بڕیارێک نییە بۆ سەپاندنەوەى قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێم، "چونکە ئەوە پەیوەندی بە بژێوی و ژیانی خەڵکەوە هەیە."

 

لیژنەى باڵاى روبەڕووبونەوەى کۆرۆنا لەهەرێم لە کۆبوونەوەدایە و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا (14ی تشرینی یەکەمی 2020) وتی، "ئاسایی بوونەوەى ژیان بە ڕێکاری خۆپارێزی باشترە لە ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ، چونکە قەدەغەی هاتوچۆ پێویستی بە بریاری زۆرتر و گەورەتر هەیە."

 

کۆوبوونەوەى لیژنەکە دواى هەڵکشانى دوبارە خێراى ئامارەکانى توشبوون و مردن دێت بە کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان، لەگەڵ هاتنى وەرزى پایز.

 

هاوکات سەباح زێبارى، سەرۆکى لیژنەى تەندروستى لە پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى راگەیاند، "گەڕانەوە بۆ بڕیارى قەدەغەى هاتوچۆ مەحاڵە، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان بڕیارەکان بدرێنە دەست ئیدارە و پارێزگاکان بۆ گرتنەبەرى هەر بڕیارێک".

 

وتیشى، "لەئێستادا تاکە چارەسەر خۆپاراستنى خەڵک و پابەندبونیانە بەدورکەوتنەوەى کۆمەڵاتى و هۆشیارکردنەوەى بەردەوامى خەڵک لەبارەى ڤایرۆسەکەوە".

 

زێبارى ئاماژەى بەوەشکرد، هەرێمى کوردستان بەردەوامە لە زیادکردنى تواناى نەخۆشخانەکان بۆ ئەوەى شوێنى زیاتر دابین بکات بۆ ئەو توشبووانەى کە پێویستیان بە ئامێرى هەناسەدان و ژورى چاودێرى چڕە.