گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشبینی: نرخی دۆلار بەرامبەر دینار زیاتر بەرز دەبێتەوە

2020.10.14 - 10:44
App store icon Play store icon Play store icon
پێشبینی: نرخی دۆلار بەرامبەر دینار زیاتر بەرز دەبێتەوە

ناس کورد-

ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەگەرەکان بەرەو ئەوەن کە گۆڕانکاریی لە نرخى دۆلار بەرانبەر نرخى دینار بکرێت، بەڵام بەهۆى چەند هۆکارێکەوە هێشتا دەستى بۆ نەبراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەحمەدى حاجى ڕەشید بە ناس کوردى ڕاگەیاند (14ى تشرینى یەکەم 2020 )، "لە وەرەقەى سپى چاکسازییدا هاتووە کە دەبێت پێداچوونەوە بکرێت بە نرخى دۆلار بەڵام ئەوە لە ئێستادا ناکرێت چونکە ئەوە وەرەقەیە پێویستى بە کۆمەڵێک هەنگاو هەیە".

 

وتیشى، "بانکى ناوەندى ئازادە لەوەى گۆڕانکاریی لە نرخى دۆلار بکات چونکە دەسەڵاتێکى سەربەخۆیە، ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن، بەڵام تا ئێستا دەستنەکراوە بەو بابەتە، لەبەرئەوەى زیادکردنى نرخى دۆلار بەرانبەر دینار گرانییەکى زۆر لە عێراق دروست دەکات، بۆیە تا ئێستا دەستى بۆ نەبراوە".

 

ماوەى چەند مانگێکە نرخى دۆلار بەرانبەر دینارى عێراقى ڕووى لە بەرزبوونەوە کردووە و ڕۆژانە نرخەکەى هەڵکشان و داکشانى زۆر بەخۆوە دەبینێت.

 

هاوکات مستەفا غالب موخیف، بەڕێوەبەرى بانکى ناوەندى عێراق بەڕۆژنامەى سەباحى فەرمى وتووە (14ی تشرینی یەکەمی 2020)، "دابەزینى نرخى نەوت و ئاستى هەناردەکردن لەلایەن عێراقەوە وەکو پابەندبوون بەڕێکەوتنەکەى ئۆپیکەوە، بووەتە هۆى دابەزینى داهاتى نەوت، بەوەش دەستکەوتنى دۆلار کەمبوەتەوە و دابەزیوە کە وەزارەتى دارایى دەیفرۆشتە بانکى ناوەندى لەبەرامبەر دینارى عێراقیدا کە بۆ خەرجیە ناوخۆییەکان بەکاریدەهێنێت".  

  

وتیشى، "ئەو بارودۆخەکە بووەتە هۆى پاشەکشەى بڕە کەڵەکەبووەکان لەدراوە بیانییەکانى تر لەبانکى ناوەندى، بۆ پڕکردنەوەى ئەو کورتهێنانەى کە عێراق بۆ پاڵپشتى خەرجیەکانى دووچارى بووە بەتایبەت ئەو پاڵپشتیانەى کە لەلایەن بانکى ناوەندییەوە بۆ بەرژەوەندى بانکە حکومیەکان دەکرا".  

  

موخیف باسى لەوەشکردووە، زۆرینەى خەرجیەکانى ئێستاى حکومەت بۆ خواستى بەکاربەر دەگۆڕێت بۆ نمونە خواست لەسەر دۆلار، لەکاتى دابینکردنى ئەو خواستەشدا واتا خستنە بازاڕى دۆلارى زیاتر یەدەگى دراوى بیانى بەرەو دابەزینى زیاتر دەچێت.