گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هاوسەرۆکی یەکێتی داوای لێبوردن دەکات

لاهور شێخ جەنگی باس لە مەرجی لامەرکەزیی سلێمانی دەکات

2020.10.13 - 09:10
لاهور شێخ جەنگی باس لە مەرجی لامەرکەزیی سلێمانی دەکات

ناس کورد-

لاهور شێخ جەنگی جەخت دەکاتەوە کە لای یەكێتی پڕۆژەی لامەركەزی گونجاوترین پڕۆژەیە بۆ حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و یەكێك بووە لە مەرجە سەرەكییەكانیان لەكاتی بەشدارییان لەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمدا.

 

هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دووەم رۆژی سەردانەكەیدا بۆ دەڤەری راپەڕین، چەندین دیدارو كۆبوونەوەی ئەنجامدا، لەنێویاندا کۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوی مەڵبەندی راپەڕینی یەكێتی.

 

بەگوێرەی میدیای فەرمیی یەکێتی، لاهور شیخ جەنگی ڕایگەیاندووە: " پشدەرو بتوێن، لە هەموو سەردەم و قۆناغەكانی خەباتدا لانكەی شۆڕش و قوربانیدان بوون، بۆیە خزمەتكردنی ئەم دەڤەرە و دانیشتووانی، ئەركی سەرشانی هەموانە بەتایبەت حكومەتی هەرێم، مەبەستی سەردانەكەشمان بۆ بۆ ئەوەیە بزانین داواكاری و كێشەی هاووڵاتیان چییە، تا بەپێی توانا هەوڵی جێبەجێكردنیان و چارەسەركردنیان، بدەین."

 

لە درێژەی قسەكانیدا، هاوسەرۆكی یەكێتی، ئاماژەی بە پڕۆژەی چاكسازیی كردووە و تەئكیدیكردەوە: "پێویستە حكومەت بە جددی و بەشێوەیەكی باشتر چاكسازیی بكات، بەشێوەیەك چاكسازیی لە كەرتە گرنگەكاندا بێت، نەك چاكسازیی لە مووچە و قووتی هاووڵاتیاندا بكرێت."

 

جەتیشیکردووەتەوە: "ئێمە پڕۆژەی لامەركەزی بە گونجاوترین پڕۆژە دەزانین بۆ شێوازی حوكمڕانی، بەهۆی ئەوەی لەڕابردوودا حوكمێكی عادیلانە بەڕێوەنەچووە لە هەرێمی كوردستاندا، فەرق و جیاوازی كراوە لە نێوان شارێك بۆ شارێك و دەڤەرێك بۆ دەڤەرێكی دیكە، بۆیە وەك یەكێتی پێش ئەوەی بچینە ئەم كابینەیەی حكومەتەوە، ئەو خاڵەمان كردە خاڵێكی ئەساسی و كردمانە مەرج بۆ بەشداریی لە حكومەتدا، كە دەبێت حكومەتی هەرێم پڕۆژەی لامەرکەزیی ئیداریی و دارایی جێبەجێبكات."

 

دووپاتیشیکردەوە: " یەكێتی بەرنامەی نوێی هەیە، دەیەوێت ببێتەوە بەخزمەتكاری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، داوای لێبووردن دەكەین لە كەموكورتییەكانی رابردوو، بۆ ئێستاو داهاتوو دەبێت قسە و كردارمان وەكو یەك بێت."